لە ڕێگەی پڕۆژەیەکەوە کێشەی ئاوی ھەشتی حەسارۆک چارەسەر دەکرێت

ھەولێر-KDP. info- بەڕێوەبەری ئاوی ھەولێر گوتی، پڕۆژەیەک ئامادە کراوە بۆ ئەوەی کێشەی ئاوی ھەشتی حەسارۆک چارەسەر بکرێت و ئێستا سەرقاڵی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەن کە ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر ئامادەی کردووە.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پڕۆژەیەک پێشکەش کراوە لە ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر کە داواکاریی چەند ھەزار کەسی ئەو ناوچەیە بووە و ئەنجومەنیش پڕۆژەکەی بۆ ئێمە ڕەوانە کردووە و داوای دەرخستە و ڕا و سەرنجی ئێمەیان کردووە لەبارەی پڕۆژەکە و ئێمەش ئامادەمان کردووە و بۆیان ڕەوانە دەکەین بۆ ئەوەی کێشەی ئاوی ھەشتی حەسارۆک چارەسەر بکرێت."
ئاری ئەحمەد گوتیشی: "پێویستە ئەو کێشەیە بە شێوەی ڕیشەیی چارەسەر بکرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی ئێستا کێشەکە ھەیە بە شێوەیەکی کاتی لە ڕێگەی ئەو پڕۆژەیەوە کە پێشکەش کراوە بۆیان چارەسەر دەکرێت."
ماوەی چەند ساڵێکە ھەشتی حەسارۆک لە ھەولێر کێشەی کەمیی ئاوی ھەیە و ئێستا بڕیار دراوە کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکرێت.
بڵند ئیبراھیم




