٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بە بڕیاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی پێشمەرگە دەست پێ دەکاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر - KDP.info - بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیریی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی نیشان داوە و وەزارەتی پێشمەرگەشی ئاگادار کردووەتەوە کە پلەی ئەفسەرانی پێشمەرگە دەست بە بەرزکردنەوەی بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش سبەی لیژنەی باڵا کۆ دەبێتەوە و لیستی ناوەکان ئامادە دەکرێت و ئەولەویەتیش بۆ ئەوانەیە کە ساڵانی پێشوو پلەیان بەرز نەکراوەتەوە.

لیوا بەکر فەقێ، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیریی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی نیشان داوە کە پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە دەست پێ بکاتەوە لە ساڵی ٢٠١٧ تاوەکو سالی ٢٠٢٠ و ئێمەیشی لێ ئاگادار کردووەتەوە، کە دەست بەو پرۆسەیە بکرێتەوە."

لیوا بەکر فەقێ گوتیشی: "بڕیارە سبەی کۆبوونەوەیەکی باڵا بکرێت و باس لەو پرسە بکرێت کە بە چ شێوازێک لیستی ناوی ئەفسەران ڕەوانە بکرێت، چونکە چەندین ساڵە پلەیان بەرز نەکراوەتەوە."

گوتیشی: "بەشێک لە ئەفسەرانی یەکەی ٧٠ و٨٠ی وەزارەتی پێشمەرگە پلەیان بەرز کراوەتەوە، بەڵام مووچەیان بۆ نوێ نەکراوەتەوە، بۆیە ئەولەویەت بۆ ئەوان دەبێت، بەتایبەت ئەوانەی ساڵانی ٢٠١٧ و ٢٠١٨ و ئەوانەی دیکە دواتر پلەیان بەرز دەکرێتەوە."

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار