جیھاد حەسەن: لە ئایندەیەکی نزیکدا وەزیری نوێی سامانە سرووشتییەکان دەستبەکار دەبێت
__2020_05_17_h20m22s24__HK__2020_08_25_h17m2s55__HK.jpg)
هەولێر -KDP.info- بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پۆستی وەزیری سامانە سرووشتییەکان یەکلا بووەتەوە و ئەندامێکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکانیش دەڵێت، ھیچ ناوێک بەفەرمی پێشکەش نەکراوە، بەڵام لە ئایندەیەکی نزیکدا وەزیرێک بۆ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەنگی لەسەر دەدرێت.
جیھاد حەسەن، ئەندامی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پۆستی وەزیری سامانە سرووشتییەکان پشکی پارتییە و پارتی کەسێک بۆ پۆستی وەزیری سامانە سرووشتییەکان کاندید دەکات و لەلایەن پەرلەمانی کوردستانیشەوە دەنگی لەسەر دەدرێت، چونکە ھێشتا پۆستەکە پڕ نەکراوەتەوە و حکوومەت بەڵێنی داوە بۆ پڕکردنەوەی پۆستەکە."
ئەندامەکەی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان دەڵێت: "لە سەرەتای مانگی داھاتوودا پەرلەمان دەست بە کۆبوونەوەکانی دەکاتەوە و من باوەڕم وایە لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا پۆستی وەزیری سامانە سرووشتییەکان پڕ دەکرێتەوە بە کاندیدێکی پارتی."
لەبارەی ئەو ناوانەی دێن بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری سامانە سرووشتییەکان، جیھاد حەسەن ڕوونی کردەوە: "ڕاستە ئێمەیش ناوی خەڵکمان بیستووە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری سامانە سرووشتییەکان، بەڵام تا ئێستا بەفەرمی ھیچ ناوێک نەگەیشتووەتە دەستمان و تا ئەوکاتەی بەفەرمی ناوی کاندیدێک ڕەوانە نەکرێت، ھیچ ناوێک مسۆگەر نییە."
قائید میرۆ




