بە گوژمەی ٢٢ ملیار دینار پڕۆژە لە شارەوانییەكانی دھۆك ئەنجام دەدرێن

دهۆك-KDP.info- سەرەڕای قەیرانی دارایی و كەمبوونەوەی داھات بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەكانی خزمەتگوزاری، لەمساڵدا لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی دھۆك ژمارەیەك پڕۆژە جێبەجێ دەكرێن، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانیش دەڵێ، گوژمەی پڕۆژەكان ٢٢ ملیار دینارە.
دیار بەحری، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی دھۆك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ھەرچەندە ئەمساڵ دەوام وەك پێویست نەكراوە و بە ھۆی كۆرۆناوە قەدەغەی ھاتوچۆ راگەیاندرا، بەڵام ئەوەی پێڕاگەیشتین وەك شارەوانییەكان درێغیمان نەكرد بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و، ژمارەیەك پڕۆژەی نوێش ئەمساڵ كەوتوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە".
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانیەكانی دھۆك دەشڵێت: "پڕۆژەكان بە گوژمەی ٢٢ ملیار دینار جێبەجێ دەكرێن و لەوانەش سێ پڕۆژەی گرینگ لە سنووری قەزای زاخۆ لە قۆناغی كۆتاییدان بۆ دەستپێكردنیان بە گوژمەی ١١ ملیار دینار".
بەحری ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ژمارەیەك پڕۆژەی دیكە كەوتوونەتە بواری جێبەجێكردن لە بوارە جیاوازەكاندا، سەرچاوەی داھاتی ئەو پڕۆژانەش بودجەی پارێزگای دھۆك و قەزای زاخۆ و ھاوكاریی ھەندێ رێكخراوی بیانییە، ئەمەش ھەنگاوێكی باشە، كە سەرەڕای قەیرانی دارایی بتوانین پڕۆژە پێشكەشی ھاووڵاتیانی خۆمان بكەین".
قائید میرۆ




