ئامادەکاری بۆ ھاتنی ٥٠ کۆمپانیای گەورەی ئەمەریکی بۆ ھەرێمی کوردستان دەکرێت

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی ژووری بازرگانیی ھەرێمی کوردستان گوتی، دوای ئەوەی پرۆتۆکۆلێکی لێکتێگەیشتن بە سەرپەرشتیی نێچیرڤان بارزانی لە نێوان ھەردوو ژووری بارزگانیی ھەرێم و ئەمەریکادا واژۆ کرا، بڕیارە وەکو ھەنگاوی یەکەم لەو چوارچێوەیەدا ٥٠ کۆمپانیای زەبەلاحی ئەمەریکا بێن لە ھەرێمی کوردستان لە چەندین سێکتەری جیاواز کار بکەن و ئێستا ئامادەکاری بۆ ھاتنی ئەو کۆمپانیایانە دەکرێت.
بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی ژووری بازرگانیی ھەرێمی کوردستان، ئەسکەندەر محەمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "سەرۆکی ژووری بازرگانیی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ کونسووڵی بازرگانیی ئەمەریکا لە کونسووڵخانەی ئەمەریکا لە ھەرێم ڤیدیۆکۆنفرانسێکیان بەڕێوە برد کە تێیدا داوا کرابوو کۆمپانیا ئەمەریکییەکان بێن لە ھەرێمی کوردستان کار بکەن و ئەوانیش باسیان لەوە کردبوو کە کۆنفرانسێکیان بۆ ٥٠ کۆمپانیا داناوە بیکەن و ئامادەکاری بۆ دەکەن، بۆ ئەوەی ئەو کۆمپانیایانە بێن لە ھەرێمی کوردستان کار بکەن، بۆیە لەسەر خەتین بۆ ئەوەی ئەو کۆمپانیایانە کۆ بکرێنەوە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان کۆنفرانسێک بکەن و دواتر بێنە ھەرێمی کوردستان کار بکەن وەکو پاڵپشتی لە ھەرێمی کوردستان."
ئەسکەندەر محەمەد گوتیشی: "ئەو کارەش دوای ئەوە ھات لە ماوەی ڕابردوو بە سەرپەرشتیی نێچیرڤان بارزانی پرۆتۆکۆڵێکی لێک تێگەیشتن لە نێوان ژووری بارزگانیی ھەرێم و ئەمەریکا ئیمزا کرا، بۆیە لەو چوارچێوەیە وەکو ھەنگاوی یەکەم ئەو٥٠ کۆمپانیایەی ئەمەریکا دێن لە ھەرێمی کوردستان کار دەکەن، ئەو کارەش کونسووڵخانەی ئەمەریکا جێبەجێی دەکات و کۆنفرانسێکی ئۆنلاین لە نێوان کۆمپانیاکانی ئەمەریکا و ھەرێم دەکرێت بۆ ئەوەی ھەردوولا داواکاریی خۆیان بخەنە ڕوو."
گوتیشی: ''ھەرێمی کوردستان داواکاریی خۆی دەخاتە ڕوو کە پێویستی بە چ جۆرە کارێک ھەیە و بێن لە چ بوارێکدا کار بکەن و ئەوانەی ھەرێمی کوردستان پێویستی پێ ھەیە وەکو سێکتەری نەوت و وزە و کارەبا و قوتووبەندی و خۆراک و چەند بوارێکی دیکە."
محەمەد ڕوونیشی کردەوە: "ھەرکاتێک کۆمپانیاکان کۆ کرانەوە ئەوکات کۆنفرانسی ئۆنلاین دەکرێت و کۆمپانیاکان ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن و دەست بە ئەنجامدانی کار دەکەن و ئەو کۆمپانیایانەی دێنە ھەرێمی کوردستانیش ھەمووی کۆمپانیای زەبەلاحن و کە دێن کاری باش و گەورە لە ھەرێمی کوردستان دەکەن.''
بڵند ئیبراھیم




