ھەفتەی داھاتوو بۆ دانانی بنكەكان شاندی وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی بەغدا دەكات

ھەولێر-KDP.info- نوێنەری ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە ژووری ئۆپەراسیۆنی عێراق رایگەیاند، دوای ئەوەی ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگریی عێراق لەبارەی دانانی چەند بنكەیەك لە ناوچە كوردستانییەكان رێككەوتن، بڕیارە بۆ وردەكاریی زیاتر و شوێنی دانانی بنكەكان، ھەفتەی داھاتوو شاندێكی وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی بەغدا بكات.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، پاش ئەوەی ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگریی عێراق رێككەوتن كە بۆ چارەكردنی كێشەی ئەمنیی ناوچە كوردستانییەكان چەند بنكەیەكی ھاوبەش بكەنەوە، وردەكاری دانانی بنكەكان مابوو، بە تایبەت ئەوەی كەركووك، بۆیە بڕیارە ھەفتەی داھاتوو شاندی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی بەغدا بكات و لەگەڵ شاندی باڵای وەزارەتی بەرگریی عێراق كۆببێتەوە.
نوێنەری ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە ژووری ئۆپراسیۆنی عێراق گوتیشی، بڕیارە لەو كۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لەبارەی وردەكاریی دانانی بنكەكان بكرێت، كە لە چ شوێنێك بن، بە تایبەت كەركووك، كە ھێشتا لەسەری نەگەیشتوونەتە رێككەوتن، بۆیە لە كۆبوونەوەی ئەمجارەدا رێككەوتن دەكرێت.
شەش بنكەی ھاوبەش لە نێوان وەزارەتەكانی پێشمەرگە و بەرگریی عێراق دەكرێنەوە، یەكێك لە بەغدا و ئەوەی دیكە لە ھەولێر و یەكێك لە كەركووك و ئەوانی دیكەش لە مووسڵ و لە دیالە و مەخمووریش دوو بنكە دەكرێنەوە، كە دەكاتە شەش بنكە.
بڵند ئیبراھیم




