٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

تەتەر: ئەوانەی ناتوانن لە ڕێی سندووقی دەنگدانەوە هیچیان دەست بكەوێت دەیانەوێ پشێوی بنێنەوە

سەرچاوە: KDP.info

زاخۆ-KDP.info- پارێزگاری دهۆك دەڵێ، هەندێك پەرلەمانتار كە نوێنەری هەرێمی كوردستانن لە بەغدا، بەڵام لە دژی بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان كار دەكەن دەشڵێ، ئەوان بانگەشەیەكی ناڕاستیان كردووە.

عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆك لە پرێس كۆنفرانسێكدا لە زاخۆ ئاماژەی بەوە كرد كە ئێستا دۆخی شارەكە ئارامە و خەڵكی زاخۆ خۆیان گەرەنتیی پاراستنی ئارامیی شارەكەیانن.

ڕوونیشی كردەوە كە كارەكانی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل بە شێوەیەكی ئاسایی بەڕێوە دەچێت و هەموو ئەوانەی هاتوچۆ دەكەن، تێستی تووشبوونیان بە پەتای كۆرۆنا بۆ دەكرێت.

عەلی تەتەر جەختی كردەوە كە ئەوان هەوڵدەدەن خەڵكی زاخۆ و ئەو شۆفێرانەی بێكار بوون، كاریان دەست بكەوێت و ئەوان برا و كەسوكاری ئێمەن، ئەگەر لایەنێك هەبێت خۆی بە خاوەنیان بزانێت، ئەوا حكوومەتی هەرێمی كوردستانە.

لەبارەی ئەوەی كێن ئەو كەسانەی دەتوانن هاتوچۆی توركیا بكەن، پارێزگاری دهۆك ئاشكرای كرد كە ئەوانەی بۆ (بازرگانی، كاركردن، خوێندن) دەچنە توركیا، یان ئەوانەی مافی نیشتەجێبوون یان ڕەگەزنامەی وڵاتێكی دیكەیان هەیە، بۆیان هەیە لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە تێپەڕ ببن، بەڵام كەسانی دیكە دەبێت داواكارییەك پێشكەش بە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەن. سەبارەت بە گەڕانەوەی خەڵكیش، هەر كەسێك خەڵكی هەرێمی كوردستان بێت، دەتوانێت بێتە ناوەوە.

ئەوەشی ئاشكرا كرد: "ئێمە هەوڵ دەدەین هەموو ئەو ژیانە سرووشتییەی پێشتر هەبوو، بگەڕێنینەوە لەگەڵ جێبەجێكردنی ڕێكارەكانی خۆپاراستن.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، پارێزگاری دهۆك باسی لە ناوەڕۆكی نامەیەكی ئەو شەش پەرلەمانتارە كوردە عێراقچییە كرد كە ئاراستەی نەتەوە یەكگرتووەكانیان كردووە و گوتی: "هەندێك پەرلەمانتار كە نوێنەری هەرێمی كوردستانن لە بەغدا، بەڵام لە دژی بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان كار دەكەن، بەیانێكیان داوەتە نەتەوە یەكگرتووەكان، دەڵێن ١١ كەس بریندار بوون، با ناوێكمان پێبدەن، منیش دەڵێم بەڵێ بریندار هەبووە و ژمارەشیان ٦٠ كەس بووە، ٥٦ كەسیان پۆلیس و ئاسایش و پارێزەرانی گومرگی ئیبراهیم خەلیلن، چوار كەسەكەی دیكەش كاسبكارن و لە ئیبراهیم خەلیل كار دەكەن. داوا لەو پەرلەمانتارانە دەكەم ناوی ئەو یازدە كەسەمان پێبدەن، یان ناوی یەكێكیانمان پێبدەن. گوتیشی: "عەیبە ئەو كەسانە لە بەغدا بن كە تەنیا كاریان هەڵبەستنی درۆیە بۆ هەرێمی كوردستان. گومرگی ئیبراهیم خەلیل شوێنێكی ژیانییە بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان، ئەگەر دابخرێت، خەڵكی زەرەرمەند دەبن و هەموو شتێك نرخیان بەرز دەبێتەوە، بەڵام ئەوانەی ناتوانن لە ڕێی سندووقی دەنگدان هیچیان دەست بكەوێت و بگۆڕن، پەنا دەبەنە بەر ئاژاوە و دەیانەوێ پشێوی بنێنەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار