خەریکە چوارەم پڕۆژەی ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاسی دھۆک تەواو بێت

دھۆک -KDP.info- بەڕێوەبەری پڕۆژەی دروستکردنی ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاسی دھۆک گوتی، لە کۆی دروستکردنی پێنج پڕۆژەی ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاس، سێ پڕۆژەیان تەواو بووە و ئێستا خەریکە پڕۆژەی چوارەمیش تەواو دەکرێت، کە ٧٤ ملیار دیناری بۆ تەرخان کرابوو.
ئەندازیار کانیوار جبرایل، بەڕێوەبەری پرۆژەی دروستکردنی ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاسی دھۆک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە دھۆک پێنج پڕۆژەی دروستکردنی ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاسمان ھەیە و ٦٥%ی کۆی ھەر پێنج پڕۆژەکە تەواو بووە و پێش ئێستا سێ پڕۆژە تەواو بوونە و ئەمەی ئێستا تەواو دەکرێت پڕۆژەی چوارەمە و ئەویش ئەندەرپاسێکە نزیک پارکی ئازادی زیاتر لە٥٠%ی تەواو بووە."
ئەندازیار کانیوار جبرایل گوتیشی: "لە شەقامی بارزان ئەوانەی تەواوبوونە سێ پڕۆژەن یەکێک لە نزیک فەرماندەییی دھۆکە و یەکێکیش لە نزیک پارکی ئازادی کە دوو ترافیکلایت دەکاتە یەک و دەبێتە ئەندەرباسێک لە شێوەی نەفەقێک و ئەوەی دیکە لە قوتابخانەی سەفین نزیکە، لەسەر جادەی بارزانە و ئەویش شەقام دەبێتە یەکسەر و دوو جادەی لە تەنیشت دروست کراون."
جبرایل باسی لەوەش کرد: "ئەندەرپاسی نزیک پاسی نزیک پارکی ئازادی کە بە ئەندەرپاسی تەلەڤزیۆن و مزگەوتی ئیمام ھەمزە ناسراوە ٥٠%ی تەواو بووە و لە بەرنامەدایە تا مانگێکی دیکە ئەویش تەواو بیت و بکەوێتە خزمەت شوفێران و ھاووڵاتیان و پڕۆژەی پێنجەم ئۆڤەرپاسێکی نزیک قوتابخانەی سەفینە، ئەو گرێ دراوە بە دۆخی ئابوورییەوە."
گوتیشی: "بۆ ھەر پێنج پڕۆژەکە ٧٤ ملیار دینار تەرخان کراوە و بەردەوام کاری تێدا دەکرێت تا تەواو دەکرێن."
بڵند ئیبراھیم




