خەسرۆ گۆران: مشتوومڕی زۆر لەسەر یاسای ھەڵبژاردنەکانی عێراق ھەیە

هەولێر-KDP.info- دوای ئەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ناوەڕاستی ساڵی داھاتووی دیاری کرد بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دەڵێت، ناکۆکی ھەیە لەسەر یاسای ھەڵبژاردنەکان و بەشێک لەو لایەنانەی دەنگیان بۆ داوە پەشیمان بوونەتەوە.
خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیاری ھەڵبژاردنی پێشوەختە بڕیارێکی عێراقییە و تەنیا سەرۆکی حکوومەتی عێراق بڕیاری داوە ھەڵبژاردن بەڕێوە بچێت، پەرلەمانی عێراق ھیچ ھەڵوێستێکی نەبووە، دەکرێت یان نا، ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان و حکوومەتی بەغدا، چونکە یاساکە پێویستی بە چارەسەری ھەیە.
خەسرۆ گۆران دەشڵێت: "یاسای ئێستای ھەڵبژاردن شێوازی ھەڵبژاردنی گۆڕیوە بۆ ئەوەی عێراق بکرێتە فرەبازنەیی، یانیش ھەر پارێزگایەک چەند بازنەیەکی ھەبێـت، ئەوەش مشتۆمڕی زۆری لەسەرە، ھەموو لایەنە سیاسییەکان کۆک نین لەسەر تەواوکردنی یاسای ھەڵبژاردن، تەنانەت ئەو لایەنانەی دەنگیشیان بەو یاسایە داوە پاشگەز بوونەتەوە و دەیانەوێی یاساکە بگۆڕن."
خەسرۆ گۆران ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ""یاسای ھەڵبژاردن چۆن تەواو دەکرێت ئەمە کێشەیەکە و پێویستی بە چارەسەرکردن ھەیە، ئینجا باس لە بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پێشوەختە و دیاریکردنی وادەی ھەڵبژاردنەکان بکرێت، چونکە بەو نیوەچڵییەوە چۆن ھەڵبژاردن بەڕێوە دەچێت."
قائید میرۆ




