٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەدنان کەرکووکی: کورد داوای کردووە بنکەی ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە سەربازگەی کەیوان دابنرێت

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک _KDP.info_   بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، کورد داوای کردووە کە بنکەی ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە سەربازگەی کەیوان دابنرێت و بەغداش داوای کردووە لە ناوچەی چیمەن دابنرێت، بەڵام ئەگەر لە ناوچەی کەیوان دابنرێت کاریگەریی زیاتر دەبێت و دەتوانن کۆنترۆڵی ھەموو کەرکووک بکەن.

عەدنان کەرکووکی، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان کەرکووک _ گەرمیان گوتی: "بڕیارە کە چوار بنکە لە ناوچە کوردستانییەکان بۆ ھێزی ھاوبەشی سوپای عێراق و پێشمەرگە دروست بکرێن و یەکێک لەوانە لە کەرکووکە و پێشمەرگە و کورد داوایان کردووە ئەوەی کەرکووک لە سەربازگەی کەیوان بێت و بەغدا و سوپای عێراق داوایان کردووە لە چیمەن بێت، کە دەکەوێتە سنووری سلێمانی، بۆیە ئەو نووسراوەی وەزارەتی بەرگریی عێراق بڵاوی کردووەتەوە کە لە ناوچەی چیمەن دەبێت ھێشتا ڕێککەوتنی لەسەر نەکراوە و کورد پێی ڕازی نەبووە."

عەدنان کەرکووکی گوتیشی: "ئەگەر ئەو بنکە سەربازییە دروست بکرێت سوودی زۆری بۆ کەرکووک دەبێت، بەتایبەت لە کەیوان بێت، چونکە ئەو ناوچەیە ھێزی عێراقی لێ نییە و دەتواندرێت کەرکووک ھەمووی کۆنترۆڵ بکرێت و لە ھەموو ناوچەکان نزیکە، بەتایبەت حەویجە کە داعش لەوێ زۆرە."

کەرکووکی باسی لەوەش کرد: "حکوومەتی عێراق و وەزارەتی بەرگریی عێراق گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی ناتوانن شەڕی پارتیزانیی داعش بکەن و بە تەنھا کەرکووک بپارێزن، بۆیە داوایان لە پێشمەرگە کردووە ھاوکارییان بکات و پێشتریش کە بنکەی ھاوبەش ھەبووە ھەر لە کەیوان بووە، بۆیە کورد ئێستاش داوا دەکات بنکەی ھاوبەش لە ھەمان شوێن بێت."

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار