دیاری حوسێن: لادانی ئەو سێ بەرپرسە ئاماژەیە بۆ درێژەدان بە تەعریب و داگیرکاری

هەولێر-KDP.info- دوای ئەوەی بە بڕیاری پارێزگاری بەزۆر سەپێندراوی کەرکووک، سێ بەرپرسی دیکەی کورد لەسەر کار لادران، بەرپرسێکی پارتی دەڵێ، ئەو سێ بەرپرسە پارتین و لادانیان بۆ درێژەدانە بە تەعریب.
دیاری حوسێن، جێگری بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک- گەرمیانی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "پارێزگاری بەزۆر سەپێندراوی کەرکووک، سێ بەرپرسی کوردی لە کەرکووک دوور خستووەتەوە، ئەوانیش ھەریەک لە قایمقامی دووبز و قایمقامی ناوەندی کەرکووک لەگەڵ بەڕێوەبەری شارەدێی سەرگەڕانن، ئەوانەش لەسەر پشکی پارتی بوون و دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر و داگیرکارییەکەی کەرکووک ئاوارەبوون، ئێستایش لەلایەن راکان سەعیدەوە لادراون".
بەرپرسەکەی پارتی دەڵێت: "لادانی ئەو سێ بەرپرسە کورد و پارتییە ئاماژەیە بۆ ئەوەی سێ کەسی دیکەی عەرەبی شۆڤێنی لە شوێنیان دابندرێن و، دواتر تەعریب و داگیرکاری درێژەی پێبدەن، لەبەر ئەوەش ئێمە چاوەڕێی وەھا بڕیارێک بووین".
دیاری حوسێن ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "ئێمە ددان بە پارێزگاری ناشەرعی کەرکووک نانێین و لای پارتی دیموکراتی کوردستان کەرکووک پارێزگایەکی داگیرکراوە و، وەک داگیرکاریش مامەڵەی لەگەڵدا دەکەین، تا ئەوکاتەی رەوشی ئەو ناوچانەی داگیرکراون ئاسایی دەکرێنەوە".
قائید میرۆ




