بێشكچی بۆ KDP: پێویستە كوردانی هەر چوار پارچە هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی بەرز بنرخێنن

ئانكارا-KDP.info- بیرمەند و دۆستی كەیسی كورد لە جیهان ئیسماعیل بێشكچی، لە كورتە هەڤپەیڤینێكی تایبەتی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستاندا، باسی چەندین پرسی رۆژەڤ دەكات لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا و دەڵێ، ئەو گۆڕانكارییانەی لە جیهان ڕوو دەدەن، زیاتر سوودیان بۆ كورد دەبێت هاوکات گوتیشی، هەوڵە دیپلۆماسییەكانی سەرۆك مەسعوود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ناوچەكەدا، بوونەتە جێگای سەرسووڕمانی تەواوی كوردان و، بەردەوامبوونی ئەم هەوڵانەش زۆر گرنگ و جێی بایەخن".
ئیسماعیل بێشكچی لەبارەی بەزاندنی سنووری هەرێمی كوردستان لەلایەن توركیا و بوونی پەكەكە لە هەرێمدا، تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ناكرێ هەرێمی كوردستان ببێ بە مەیدانی شەڕی هێزەكانی توركیا و پەكەكە و، بە هۆی هەبوونی پەكەكەشەوە، توركیا ئێستا سنووری بەزاندووە، بۆیەش ئەمە هەڵەیە، ناكرێ عێراقیش تەنیا ئیدانەی بكات، دەبێ عێراق سەروەرییەكەی بپارێزێت، چونكە توركیا دەیەوێ سنوور داگیر بكات و پەپەكەش دەیەوێ توركیا بخزێنێتە نێو خاكی هەرێمی كوردستانەوە".
بێشكچی پەیوەست بە سنووری ماددەی ١٤٠ و ئەو ناوچانەی كە پێشمەرگەیان لێ نەماوە گوتی: "لەو ناوچانەی كە پێشمەرگەیان لێ نەماوە، رۆژانە خەڵك ئەشكەنجە دەدرێ و دەغڵودانی هاووڵاتیان دەسووتێندرێ و هاووڵاتیانی كوردیش لە لایەن داعشەوە دەڕفێنرێن و هێزە عێراقییەكانیش ناتوانن كوردەكان بپارێزن، بۆیەش پێویستە پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە".
بیرمەند و دۆستی كەیسی كورد لە جیهان ئیسماعیل بێشكچی، پەیوەست بە تێڕوانینی ئێستای جیهان بەرامبەر هەرێمی كوردستان، دەڵێ: "وڵاتانی جیهان بایەخ بە هەرێمی كوردستان دەدەن، ئەو گۆڕانكارییانەی لە جیهانیش ڕوو دەدەن، زیاتر سوودیان بۆ كورد دەبێت و هەوڵە دیپلۆماسییەكانی سەرۆك مەسعوود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ناوچەكەدا، بوونەتە جێگای سەرسووڕمانی تەواوی كوردان و، بەردەوامبوونی ئەم هەوڵانەش زۆر گرنگ و جێی بایەخن".
لە کۆتاییشدا بێشکچی گوتی: "بەدەستهێنانی مافەكانی كورد لە ڕێگای دیپلۆماسی و سیاسییەوە زۆر گرنگە، سەرۆك مەسعوود بارزانی لەم رووەوە كەسێكی بێوێنەیە و رۆڵی لەم پرۆسەیەدا زۆر گرنگە، سەرۆك بارزانی لە تەواوی كوردستان و لای وڵاتانی جیهانیش سەركردەیەكی گرنگ و جێگای رێزە، بۆیە پێویستە كوردی هەر چوار پارچە سوود لە هەڵوێست و بۆچوونەكانی وەربگرن و هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی بەرز بنرخێنن".
كاروان باعەدری




