٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی: به‌ ئومێده‌وه‌ به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كى باشتر هه‌نگاو ده‌نێین

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی بەبۆنەی 74 ساڵەی دامەزراندنی پارتی و لەدایکبوونی سەرۆک بارزانی بڵاوکردەوە و، رایگەیاند "جیهان، عێراق و هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی هەستیار و سەختدان... دڵنیام ئەم قۆناغە سەختەش تێدەپەڕێنین".

لە پەیامەکەیدا نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی پیرۆزبایی لە سه‌رۆك بارزانى، مه‌كته‌بى سیاسى، سه‌ركردایه‌تى، كادران، ئه‌ندامان، لایه‌نگران و جه‌ماوه‌رى پارتی ده‌كات، باس لەوەش دەکات "پارتى له‌پێناوى مافه‌ ڕه‌واكانى گه‌لى كوردستاندا دامه‌زراوه‌ و خه‌باتى بۆ دیموكراسى و ئازادى و رێكخستنى سیستمى سیاسى كردووه‌ كه‌ له‌ سایه‌یدا كوردستان سه‌رفراز بێت".

دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ یادى 16ى ئاب:

له‌ یادى حه‌فتا و چوار ساڵه‌ى دامه‌زراندنى پارتیماندا، به‌ ڕێزه‌وه‌ یادى شه‌هیدانى نەمر دەکەینەوە کە‌ له‌پێناو ئازادیى كوردستاندا گیانیان به‌خشى، دروود بۆ گیانى پاكیان و سڵاو بۆ خانه‌واده‌ و كه‌سوكاریان و بۆ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان ده‌نێرین. پیرۆزبایى له‌ جه‌نابى سه‌رۆك بارزانى، مه‌كته‌بى سیاسى، سه‌ركردایه‌تى، كادران، ئه‌ندامان، لایه‌نگران و جه‌ماوه‌رى پارتیمان ده‌كه‌ین.

به‌ شكۆوه‌ یادى ڕابەر و دامەزرێنەری پارتی، بارزانیى نه‌مر و ته‌واوى سه‌ركرده و تێکۆشەرە دێرینەکانمان ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ وه‌ك زه‌رووره‌تێكى مێژوویى پارتییان دامه‌زراند و تا دوا هه‌ناسه‌یان له‌ كۆڕى خه‌بات و پێشمەرگایەتی بەردەوام بوون و ڕێباز و قوتابخانه‌یه‌كى خه‌باتیان بۆ كوردستان و نەوەکانی دوای خۆیان به‌جێهێشت.

پارتى له‌پێناوى مافه‌ ڕه‌واكانى گه‌لى كوردستاندا دامه‌زراوه‌ و خه‌باتى بۆ دیموكراسى و ئازادى و ڕێكخستنى سیستمى سیاسى كردووه‌ كه‌ له‌ سایه‌یدا كوردستان سه‌رفراز بێت. له‌ ڕێگه‌ى خه‌باتدا شانى داوه‌ته‌ به‌ر هه‌موو سه‌ختییه‌كان، ئێستاش ئه‌ركى پارتى و كادرانیه‌تى له‌ ڕێگه‌ى حكوومه‌ت و دامه‌زراوه‌كانى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، كار بۆ باشتركردنى ژیانى كوردستانییان و تێپه‌ڕاندنى كێشه‌ و قه‌یرانه‌كان بكه‌ن، وەک هەمیشه‌ش دەستپێشخەر و سه‌رمه‌شقى یه‌كڕیزى و ته‌بایى و پێكه‌وه‌كاركردنى لایه‌ن و پێكهاته‌كانى كوردستان بن بۆ پاراستنى ده‌ستكه‌وته‌كان.

له‌م یاده‌دا جه‌خت له‌ ڕۆڵى گرنگ و كاریگه‌رى پارتى له‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فیدراڵى عێراق له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور و پاراستنى ماف و شایسته‌‌ ده‌ستوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و به‌كرده‌ییكردنى فیدراڵیزم ده‌كه‌ینه‌وه‌، هه‌روه‌ها پێداگرى له‌سه‌ر گرنگى و پێویستیى كاركردن له‌سه‌ر بنه‌ماكانى سازان و هاوبه‌شى و هاوسه‌نگى له‌نێوان ته‌واوى پێكهاته‌كانى عێراق ده‌كه‌ین بۆ مسۆگه‌ركردنى ئارامى و سه‌قامگیریى سیاسى و پێشكه‌وتن له‌ وڵات.

له‌ كاتێكدا ئه‌م یاده‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ جیهان، ناوچه‌كه‌، عێراق به‌گشتى و هه‌رێمى كوردستان به‌تایبه‌تى له‌ دۆخێكى سه‌خت و هه‌ستیاردایه‌، كادران و ئەندامان و جەماوەری کۆڵنەدەری پارتیمان له‌گه‌ڵ كوردستانییان بەرگەی سەختی و بارگرانییان گرتووە و بەردەوام درێژەپێدەری کاروانى خه‌بات و تێكۆشانن، لەم یادەدا سوپاسیان ده‌كه‌م، سڵاو و ڕێز و پێزانین بۆ خۆڕاگرییان، دڵنیام به‌ خۆڕاگرى و تێكۆشانیان ئه‌م قۆناغه‌ سه‌خته‌ش تێده‌په‌ڕێنین و به‌ ئومێده‌وه‌ به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كى باشتر هه‌نگاو ده‌نێین.

 

نێچیرڤان بارزانى

جێگرى سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان

16ى ئابى 2020

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار