٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەلیم ئەسعەد خۆشەوی: ئەوەی ئێستا بەدەست ھاتووە بەرھەمی پارتی و شۆڕشی ئەیلوولە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP. info-  دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە ھۆی دەستپێکی شۆڕشی بەگژداچوونەوەی زۆڵم و ستەم. فەرماندەکانی شۆڕشی ئەیلوولیش دەڵێن، ئەوەی ئەمڕۆ بەدەست ھاتووە بەرھەمی شۆڕشی ئەیلوول و پارتی و بارزانی بووە.

سەلیم ئەسعەد خۆشەوی، فەرماندەی شۆڕشی ئەیلوول، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پارتی لە دامەزراندنییەوە تا ئێستا چەندین دەستکەوتی بەدەست ھێناوە، لەوانەش شۆڕشی ئەیلوولی مەزن، کە بۆ یەکەم جار بوو میللەتی کورد بەشداری لە شۆڕشێکی سەرتاسەریدا بکات، جگە لە ھەموو پێکھاتەکانی کوردستان تەنانەت کوردانی ھەرچوار پارچەی کوردستان بەشدارییان تێدا کرد و لە ساڵەکانی سەرەتای شۆڕش ئێمە لەسەر نانی خەڵک بەردەوامیمان بە شۆڕشمان دا، واتە شۆڕشی خەڵک بوو لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بەرپا کراو بە ڕابەرایەتیی بارزانی نەمر و ڕۆڵی کاریگەری سەرۆک بارزانی و شەھید ئیدریسی جوانەمەرگ بەرەنگاری زۆڵم و ستەمی ڕژێمی ئەوکاتی عێراق بووینەوە."

قادر قادر، بەرپرسی دەزگای باڵای ئەیلوولیش بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دامەزراندنی پارتی پێویستییەکی مێژوویی بوو لەو سەردەمە، چونکە پارتی دامەزرا و شۆڕش دەستی پێ کرد بۆ بەرگری لە خەڵکی کوردستان و بەگژداچوونەوەی زۆڵم و ستەمی سەر میللەتی ئێمە، پارتی زۆر دەستکەوتی ھەبووە، بەڵام شۆڕشی ئەیلوول و دواتریش گوڵان سەلماندی گەلی کورد تا ماوە بەرگری لە مافەکانی خۆی دەکات و مساومە لەسەر مافەکانی ناکات."

سەلیم ئەسعەد خۆشەوی، کە فەرماندەی ھێزی ئامێدی شۆڕشی ئەیلوولیش بووە دەڵێت: "ئەوەی ئەمڕۆ بەدەست ھاتووە لە حکوومەت و پەرلەمان و ئازادی، بەرھەمی پارتی و شۆڕشی ئەیلوولە، لەبیرمە کاتێک ڕۆژنامەنووسێکی بیانی دەھاتە نێو شۆڕش بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتێک بە قاچاغی دەھات، کەچی ئێستا سەرۆکی وڵاتان دێنە کوردستان و پێشوازییان لێ دەکرێت، بۆ خاتری خوێنی شەھیدان و ئەنفال و ئاوارەیی و دەربەدەریی خەڵکی کوردستان داوا لە لە ھەموو لایەنە سیاسییەکان دەکەم، یەک بگرن بۆ ئەوەی دەرفەت لەدەست نەدەین، کاتێکی زێڕین لەبەردەم ئێمەدایە."

پەیوەست بە ڕۆڵی پارتی وەک حزب لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولی مەزندا، سەلیم ئەسعەد جەختی کردەوە: "بێگومان پارتی حزبێکی بەھێزە و ئەوکاتیش وەک ئێستا بەھێز و کاریگەر بوو لەنێو خەڵکی عێراق و کوردستانیش، لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن پارتی خزمەتێکی بەرچاوی ھەبوو لەنێو شۆڕش، بۆ نموونە چەندین شانەی ھەبوو لەنێو جەرگەی دوژمن و ھاوکاریی شۆڕشیان دەکرد، تەنانەت لەنێو چەکدار و دەزگاکانی عێراقیش پارتی خەتی خۆی ھەبوو و کاری دەکرد.''

قادر قادر ڕوونی کردەوە: "ئێمە تا ئێرەمان ھێناوە، ئەوەندە بەئاسانی نەھاتووە، بەڵکو دەریایەک خوێن ڕژاوە، نەوەکانی ئێستا پێویستە مێژوو بخوێننەوە و بزانن پارتی و پێشمەرگە چییان کردووە و خۆیان بڕیار بدەن لەسەر ئەو ھەموو خەبات و بەرخۆدانە، ئەگەر دوژمن لێمان گەڕێن ئەوە ئازادیی ئێستا و ئەزموونی ھەرێمی کوردستان دەستکەوتی مەزنن و بێگومان پشکی شێریش بەر پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەوێت، چونکە پارتی زیاتر لە ھەمووان خەباتی کردووە."

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار