لە ڕانیە بە تێچووی 40 ملیۆن دینار بەشی فریاکەوتنی خێرا کرایەوە

ڕاپەرین-KDP.info- وتەبێژی تەندروستیی ڕاپەرین ڕاگەیاند، بە ھەوڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئیدارەی ناوچەکە، نەخۆشخانەی فریاکەوتنی خێرا، لە سنووری ئیدارەی ڕاپەرین کرایەوە، کە پێشتر شوێنەکە بچووک بوو و وەک پێویست نەدەتوانرا خزمەتی نەخۆش بکرێت، بەڵام ئێستا گۆڕانگاریی سەردەمیانە و نوێی تێدا کراوە، بۆ خزمەتکردنی ھاووڵاتیان لە کەرتی تەندروستیدا .
تەھا مەھدی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ شەممە، بەشی فریاکەوتنی خێرا لە ڕانیە، کە بە شێوەیەکی پێشکەوتوو و نوێ دروست کرابوو، بەڕووی ھاووڵاتیانی دەڤەرەکەدا کرایەوە، خۆشبەختانە حکوومەت بودجەی تایبەتی بۆ تەرخان کردبوو بە گوژمەی 40 ملیۆن دینار پرۆژەکە جێبەجێ کرا."
گوتیشی: "فریاکەوتنی خێرا لە 5 بێدەوە بۆ 18 بێد زیاد کراوە، لە یەک کاتدا توانای وەرگرتنی 18 نەخۆشی فریاکەوتنی خێرایی ھەیە، کە ستافێکی تایبەتی بۆ دانراوە، ھەروەھا کردنەوەی بەشەکە زۆرینەی گرفتەکانی کەرتی تەندروستیی لە ناوچەکە چارەسەر دەکات.''
تەھا مەھدی ئاماژەی بەوەش دا: "بەگوژمەی 480 ملیۆن دینار ئێستا نەخۆشخانەی گشتیی ڕانیە نۆژەن دەکرێتەوە و کارەکانی لە ماوەی مانگێکی دیکەدا تەواو دەبێت ."
سیروان سابیر




