لیوا عەبدولخاڵق بۆ KDP: ھۆكاری زیادبوونی كردەوەكانی داعش ئاشکرا دەکات

بەغدا-KDP.info- نوێنەری ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە فەرماندەیی ژووری ئۆپەراسیۆنی عێراق رایدەگەیەنێت، ھۆكاری زیادبوونی كردەوەكانی داعش، بۆ بۆشایی ئەمنیی نێوان ھێزی پێشمەرگە و ھێزی عێراقی دەگەڕێتەوە و، تا ھێزی ھاوبەشیش لەو ناوچانە جێگیر نەكرێت، كردەوەكانی داعش بەردەوام دەبن.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ھۆكاری زیادبوونی كردەوەكانی تیرۆریستانی داعش لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان ئەوەیە، كە سوود لەو بۆشاییە ئەمنییە دەبینن كە لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و ھێزی عێراقیدا ھەیە و پێویستە ئەو بۆشاییە پڕبكرێتەوە و ئۆپەراسیۆنەكانی ھێزی عێراقیش بە تەنھا ناتوانێ كردەوەكانی داعش بنبڕبكات، بەڵكو پێویستە ھێزی ھاوبەش ئەو كارە بكات".
تەڵعەت گوتیشی: "پێویستە رێككەوتن لە نێوان ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق بكرێت بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەی ھەیە و، بڕیاریشە بۆ ئەو مەبەستە لە كۆتایی ئەم ھەفتەیە یاخود لە ھەفتەی داھاتوودا كۆبوونەوە ئەنجام بدرێت، چونكە پێویستە ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێت و ئەو بۆشاییەی ھەیە، پڕبكرێتەوە".
بڵند ئیبراھیم




