٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی كشتوكاڵ: باخ و ڤێللاكان بە یاسا رێك دەخرێن و كرێیان لێ وەردەگیرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- پڕۆژەیەك لە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانە بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەی باخ و ڤێللا و مەزرەعەكان، بەرپرسێكی وەزارەتی كشتوكاڵیش دەڵێ، بە یاسا رێك دەخرێن و كرێیان لێ وەردەگیرێت.

حوسێن حەمەكەریم، گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پڕۆژەیەك پێشكەش بە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان كراوە بۆ ئەو زەویانەی كشتوكاڵ كە زێدەڕۆییان كراوەتە سەر و كراونەتە باخ و ڤێللاو مەزرەعە، چونكە ناكرێت ئەو بابەتە بمێنێتەوە و پێویستی بە چارەسەركردن ھەیە، لەبەر ئەوەی زەوییەكی زۆری كشتوكاڵی بۆ مەبەستی دیكە بەكار ھاتوون و زۆربەشیان كراونەتە ڤێللا و مەزرەعە".

گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكال دەشڵێت: "حكوومەت دەیەوێ چارەسەرێكی یاسایی بۆ بابەتی زێدەڕۆیی سەر زەویی كشتوكاڵ بدۆزێتەوە، كۆمەڵێك ئەرك و ماف دەكەوێتە سەر ئەو كەسانەی زێدەڕۆییان كردووە، وەك مافی دارایی و لەوانە ھەندێ رێكاری یاسایی بەرامبەر خاوەنەكانیان دەگیرێتە بەر، كە بە یاسا رێك دەخرێن بۆ ئێستا و داھاتووش".

لە وەڵامی پرسیارێكی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستاندا كە ئایا راستە كرێی مانگانەیان لێ وەردەگیرێت، حوسێن حەمەكەریم گوتی: "بێگومان كرێیان لێ وەردەگیرێت، بەڵام جارێ لە دانوستانداین و پڕۆژەكە لە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانە".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار