"دوو فەرماندەی ھێزی پاسەوانی شەھید بوون"

سیدەکان- KDP.info - قایمقامی سۆران ڕایگەیاند، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، ١١-٨-٢٠٢٠، لە سنووری شارەدێی سیدەکان، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی فەرماندەکانی ھێزی پاسەوانی عێراقیان بۆردوومان کرد، بەوھۆیەوە دوو فەرماندە شەھید و دوو سەربازیش بریندار بوون .
کرمانج عیززەت، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند: "ئێوارەی ئەمڕۆ فڕۆکەجەنگییەکانی تورکیا لە بێرمی دینداران بۆردوومانی ھێزەکانی پاسەوانی سنووریان کردووە، لە ئەنجامدا دوو فەرماندەی سوپای عێراق شەھید بوون بە ناوەکانی زبێر حالی و عەمید محەمەد ڕەشید و دوو کەسی تریش بریندار بوون و بەیانیش شوانکارێک بریندار بوو."
قایمقامی سۆران ئەوەیشی ڕاگەیاند: "دیارە ھێزەکانی پاسەوانی سنوور ویستویانە گفتوگۆ بکەن لەگەڵ پەکەکە دەربارەی دانانی ھەندێک خاڵی نوێی سەربازی لە دەڤەری برادۆست تاوەکو بتوانن بە شێوەیەکی فەرمی لەو شوێنانە بارەگا دابنێن، لەو کاتەدا فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ھێزەکانی پاسەوانی سنووریان کردووەتە ئامانج.''
دەشڵێت: "ئێستا قوربانییەکان ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سۆران کراون و ھاوكات ئەوانەی شەھید بوون ھەردووکیان پۆستی باڵایان ھەیە لە ھێزەکانی پاسەوانی سنوور.''
ناوبراو دووپاتی کردەوە، ھێزەکانی پاسەوانی سنوور بۆ پاراستی ئەمنیەتی ھاووڵاتیان چوون بۆ ئەم شوێنانە و پێشتر ھەماھەنگی کرابوو لەم بارەیەوە بۆ ناوچە سنوورییەکان.
سیروان سابیر




