"ئه‌گه‌ر هه‌یه ئه‌مساڵ هه‌ردوو حزبی دیموكرات یه‌ك بگرنه‌وه"

هەولێر-KDP.info- هه‌ردوو حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (حدكا) و حزبی دیموكراتی كوردستان (حدك) له ڕێگای ماڵپەڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه، زانیاریی ورد له‌سه‌ر یه‌كگرتنه‌وه‌یان باس ده‌كه‌ن و ئه‌وه‌ش ده‌خه‌نه ڕوو کە ئه‌مساڵ ئه‌گه‌ری به‌هێز هه‌یه، هه‌ردوو حزب یه‌ك بگرنه‌وه و دواتر كۆنگره‌ی هاوبه‌ش ئه‌نجام بده‌ن، به‌شێكی زۆری هێزه‌كانی هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستانیش پشتیوانیی ئه‌و هه‌نگاوه ده‌كه‌ن.
ئه‌مساڵ هه‌ردوو حزب یه‌كگرتنه‌وه ئاشكرا ده‌كه‌ن؟
ماڵپەڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌دواداچوون بۆ پرسی یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (حدكا) و حزبی دیموكراتی كوردستان (حدك) ده‌كات، دوای چه‌ندین گفتوگۆ جار له نێوان هه‌ردوو حزبدا دواجار هه‌ردوولا گه‌یشتونه‌ته چه‌ند خاڵێكی هاوبه‌ش، كه ڕه‌نگه له كۆبوونه‌وه‌كانی داهاتوودا پرسی یه‌كگرتنه‌وه‌یان یه‌كلا بكه‌نه‌وه، حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (حدكا) له ساڵی 2005 تووشی جیابوونه‌وه‌یه‌كی ناوخۆیی هات و له ئه‌نجامدا به‌شێكی لێ جیا بووه‌وه و حزبێكی نوێیان دامه‌زراند به ناوی حزبی دیموكراتی كوردستان (حدك)، به‌شێك له هێزه سیاسییه‌كانی هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان ده‌ستخۆشی و پشتیوانی‌یان له‌و هه‌نگاو كردووه. محه‌مه‌دنه‌زیف قادری، جێگری دووه‌می لێپرسراوی گشتیی حدكا، بۆ ماڵپەڕی فه‌رمی پارتی دیموكراتی كوردستان، ده‌ڵێت: "له ساڵانی ڕابردوو له‌گه‌ڵ ئه‌و هاورێیانه‌مان له په‌یوه‌ندیدا بووین به مە‌بەستی یه‌كخستنه‌وه‌ی ڕێزه‌كانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، له‌و په‌یوه‌ندیه‌دا هه‌ندێك هه‌نگاوی ئه‌رێنیمان هه‌ڵگرتووه و به‌خۆشییه‌وه له‌لایه‌ن ئه‌وانیشه‌وه نییه‌تی خێر ده‌بینرێت بۆ چاره‌سه‌ری پرسه‌كان و هه‌وڵدان بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو حزب، هاوكات له‌م قۆناغه هه‌ستیاره‌شدا كه دۆخی ناوچه‌كه به‌ره‌و گۆڕانكاری ده‌چێت، سیاسه‌تی كۆماری ئیسلامیی ئێران له سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كان زیاتر ته‌ریك كه‌وتووه‌ته‌وه و سه‌رجه‌م ئیداره‌دانی وڵات و متمانه‌ی ئێرانییه‌كانی له‌ده‌ست داوه، له‌م ڕوانگەیە‌وه ئه‌م زه‌رووریه‌ته سیاسییه هانمان ده‌دات به مه‌به‌ستی یه‌كخستنه‌وه‌ی هه‌ردوو حزب و له‌و بارەیەوه ئێستا له ته‌ماس و گفتوگۆداین و هیوادارین بتوانین ئامانج و ئاكامی پرسەکە به‌دی بهێنین".
له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و پرسیاره‌دا کە ئه‌م هه‌نگاوه ''یه‌كخستنه‌وه‌یه یان یه‌كگرتنه‌وه''، محه‌مه‌دنه‌زیف قادری گوتی: "ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه گرنگه یه‌كگرتنه‌وه‌یه، چونكه ئه‌م براده‌رانه له ساڵی 2005 له ئێمه جیا بوونه‌ته‌وه، ئێستا له‌سه‌ر ئه‌وه هاوڕاین كه ئه‌م حزبه ڕه‌نج و ماندووبوونی هه‌موومان بووه و ئه‌مه به‌رهه‌می خوێنی هه‌موومان بووه و به پشتیوانیی ئه‌مه هه‌نگاو بۆ یه‌كگرتنه‌وه ده‌نرێت، به‌هۆی ئه‌م دۆخه‌ی كۆرۆناش كه هه‌ندێك دۆخی خولقاندووه دانیشته‌كانی دوا خستووه، ئه‌وه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئێمه، هیوادارین له‌م ساڵدا بتوانین به‌و ده‌رئه‌نجامه بگه‌ین و یه‌ك بگرینه‌وه، گه‌لی كوردستانیش دڵخۆش بكه‌ین و یه‌كگرتنه‌وه‌كه ڕابگه‌یه‌نین، چونكه هه‌ندێك خاڵ هه‌یه كاتی ده‌وێت بۆ لێكگه‌یشتن، ئه‌وانیش مه‌له‌سه‌ی ناوه‌كه‌یه و یه‌كخستنه‌وه و هه‌وڵدان بۆ هاوسه‌نگی له‌سه‌ر بنه‌مای هێز و دۆخی ئێستا كه هه‌ریه‌كمان خه‌باتی سیاسی له‌سه‌ر ئاوا ده‌كه‌ین، له چوارچێوه‌ی ئه‌و هێزانه‌ی ئێمه هه‌مانه (هێزی سه‌ربازی) و هیچ له‌مپه‌رێك نییه له‌به‌رده‌م یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو حزب، به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵك و چاره‌نووسی حزبه‌كه زۆر له‌وه گه‌وره‌تره ڕێگرێك له‌به‌رده‌می هه‌بێت.
ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان ڕۆڵیان هه‌یه له گفتوگۆكان
ئێستا ئه‌مه‌ریكا ڕۆڵی به‌هێزی هه‌یه له باشووری كوردستان و له ڕۆژئاوای كوردستانیش به هاوكاریی سه‌رۆك بارزانی و ده‌ستپێشخه‌رییه‌كانی سه‌رۆكی خۆشه‌ویستمان، هه‌وڵی ڕێككه‌وتنی گشتگیر ده‌درێت له نێوان ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كورد له سووریا (ئه‌نه‌كه‌سه) و ته‌ڤگه‌ری كۆمه‌ڵگای دیموكراتی (ته‌ڤده‌م)، له باشووری كوردستانیش ئه‌مه‌ریكا ڕۆڵی گرنگی هه‌یه، پرسیار ئه‌وه‌یه، ئاخۆ ئه‌مه‌ریكا ڕۆڵی هه‌بووه له‌م گفتوگۆیانه‌ی ناوخۆی هه‌ردوو حزبی دیموکرات‌دا، محه‌مه‌دنه‌زیف قادری، دەڵێت: "ئه‌م پرسه گرێ دراوه به هه‌موو بابه‌ته سیاسییه‌كانه‌وه كه له كایه‌ی سیاسی‌دا ڕووبه‌ڕووی ده‌بینه‌وه، گرنگترین شت هه‌ستكردنه به به‌رپرسیاریه‌تی له‌به‌رانبه‌ر ویست و داخوازیی خه‌ڵكدا، دووه‌م بزووتنه‌وه‌ی كورد له هه‌رچوار پارچه ئه‌م داوایه له ئێمه ده‌كات، چونكه یه‌كگرتنه‌وه‌ی ئێمه كاریگه‌ری ده‌كات له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی كورد له هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان، بۆیه ئه‌م پرۆسه‌یه پرۆسه‌ی دۆستانمانه و هێز به ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیش ده‌به‌خشێت و پرۆسه‌ی كۆده‌نگیی دۆستانمانه و كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ین و ئه‌م یه‌كگرتووییه وه‌ڵامده‌ری هه‌موو ئه‌و پرسانه‌یه كه ڕووبه‌ڕوومان ده‌بێته‌وه. كۆبوونه‌وه‌كان به سه‌رپه‌رشتیی ڕاسته‌خۆی ئه‌مه‌ریكا نییه، به‌ڵكو كۆبوونه‌وه‌ی ناوخۆیی هەردوو حزبەکەیە''.
كۆنگره‌ی هه‌ردوو حزب
دوای گفتوگۆكان ئه‌گه‌ر هه‌ردوو حزب گه‌یشتنه ڕێككه‌وتن، ئایا كۆنگره ده‌كرێت؟ له‌گه‌ڵ به‌ستنی كۆنگره كێ ده‌بێته سه‌ركردایه‌تیی تازه‌ی هه‌ردوو حزب؟ قادری، وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره ده‌داته‌وه و ده‌ڵێت: "پێش كۆنگره ده‌بێت ئێمه یه‌كگرتووییی خۆمان ڕابگه‌یه‌نین و بۆ گه‌یشتن به ئاماده‌كاری بۆ كۆنگره‌ی هاوبه‌ش ده‌بێ كۆمیته‌یه‌ك بۆ ئاماده‌كاریی كۆنگره دیاری بكه‌ین، تا ئه‌و لێژنه‌یە هێڵه گشتییه‌كان دیاری بكات و ئاماده‌كاریی كۆنگره و په‌یڕه‌و و پرۆگرامی حزب بسپێردرێت به لێژنه‌یه‌ك، دواتر ماوه‌یه‌ك بۆ كۆنگره و شوێن و كاته‌كه‌ی دیاری ده‌كرێت".
له‌باره‌ی شوێنی خه‌باتی حزبی دیموكراتیش، محه‌مه‌دنه‌زیف قادری گوتی: "زۆرجار ڕامان گه‌یاندووه حزبی دیموكرات له هه‌موو شوێنه‌كان كه‌ڵك وه‌رده‌گرێت به‌پێی وه‌زعیه‌تی سیاسیی ناوچه‌كه و له ئێران به‌رنامه‌ی كار و خه‌باتی خۆمان ڕێك ده‌خه‌ین و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ئه‌ركه‌كانمان ڕاده‌گه‌یه‌نین و ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه گرنگه حزووری چالاكی سیاسی و مه‌ده‌نییه له چوارچێوه‌ی ئێران‌دا".
حزبی دیموكراتی كوردستان چی ده‌ڵێت؟
ئه‌وه‌ی تائێستا باس كرا، بیروبۆچوونی سه‌ركردایه‌تیی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (حدكا) بوو، بۆچوونی به‌رانبه‌ریش وه‌ك حزبی دیموكراتی كوردستان (حدك) گرنگه، كه ئه‌وان وابه‌سته به‌و پرۆسه‌وه چی ده‌ڵێن؟ به‌رنامه‌و كاری ئه‌وان چییه، ماڵپەڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، پرسیاری له مسته‌فا مه‌ولوودی، جێگری سكرتێری گشتیی حزبی دیموكراتی كوردستان (حدك) كرد و ئەویش گوتی: "ئه‌م پرسه پرسێكی گرنگه، به‌تایبه‌ت بۆ ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كان و هه‌ردوو حزب و ته‌واوی خه‌ڵكی كوردستان، هه‌ردووای دابڕانه‌كه خه‌ڵكی دڵسۆزی كوردستان ڕوویان له هه‌ردوو حزب كرد به‌ڵكو چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌م پرسه بدۆزرێته‌وه، ئێمه نزیكه‌ی شه‌ش ساڵه هه‌ردوو حزب قسه ده‌كه‌ین و دیالۆگ ده‌كه‌ین، به‌ڵكو ڕێگایه‌ك بدۆزینه‌وه، به‌ڵام تا ئێستاش به ده‌رئه‌نجامی كۆتایی نه‌گه‌یشتووین، باش چووینه‌ته‌وه پێشه‌وه، گرژییه‌كان ڕه‌ویو نه‌ته‌وه، به یه‌كه‌وه په‌یوه‌ندیی هاورێیانه و حزبیشمان له‌گه‌ڵ یه‌ك هه‌یه، له‌گه‌ڵ ئێرانییه‌كان هه‌ندێك پلاتفۆرمی هاوبه‌شمان هه‌یه، له ئاستی ناوخۆش باش چووینه‌ته پێشه‌وه، له‌سه‌ر پرسه‌كه‌ش له دیالۆگداین، هه‌تا پێش كۆنگره‌ی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران پرسه‌كه زۆر نزیك بوو، به‌ڵام ئه‌وان له كۆنگره‌كه پێكهاته‌كه‌یان گۆڕی، ئەو پێکهاتەیەی کە نێزیكه‌ی 70 ساڵ كاریان پێ ده‌كرد، ئەمە كه‌مێك جیاوازیی هێنایە پێشەوە، ئه‌مه‌ش سستییه‌كی له دیالۆگ و گفتوگۆکاندا پێک هێنا، دواتر هاتینه‌وه سه‌ر خه‌ت تا 4 مانگ پێش ئێستا جارێكی دیكه بابه‌ته‌كه‌مان به‌جددی له‌گه‌ڵ یه‌ك باس كردووه‌ته‌وه، دوای ئه‌وه‌ی بیستمان پرسی ڕێكخستنه‌وه له‌ناو (حدكا) بووه‌ته‌وه ڕۆژه‌ڤ، ئه‌و باسانه دڵگه‌رمیی لای ئێمه دروست كرد و قه‌راره له ماوه‌یه‌كی نێزیك‌دا سه‌ركردایه‌تیی هه‌ردوومان به یه‌كه‌وه دانیشین ئه‌و پرسه تاوتوو بكه‌ین و ئه‌مساڵ كه 75 ساڵی دامه‌زراندنی حزبی دیموكراته بتوانین چاره‌سه‌رێك بدۆزینه‌وه، هه‌رچه‌نده هه‌فته‌یه‌ك ماوه بۆ یادی دامه‌زراندن و ئاسته‌مه به‌م هه‌فته یه‌كلا بكرێته‌وه، به‌ڵام ده‌بێت هانمان بدات بۆ یه‌كگرتنه‌وه".
مەولوودی گوتیشی: "به‌لای هه‌ردوومانه‌وه ئه‌م پرسه گرنگه، بۆیه له چوارچێوه‌ی ئه‌و گرنگییه‌دا ده‌بێ ئه‌و پرسه ببه‌ینه پێشه‌وه، په‌یوه‌ست به‌وەی حزبی دیموكرات به‌رپرسیاریه‌تیی مێژوویی له‌سه‌ره، به‌س خۆمان نین، پارچه‌كانی دیكه‌ش چاویان له ئێمه‌یه، جاران نه‌یانده‌گوت باشوور و ڕۆژهه‌ڵات، ده‌یانگوت گه‌رمیان و كوێستانی كوردستان، گه‌رمیان و كوێستان چاره‌نووسیان به یه‌كه‌وه به‌ستراوه، من پێم وایه ناكرێت ئاوا ڕاوه‌ستین و باكوور و باشوور و پارچه‌كانی دیكه چاوه‌ڕوانمان بكه‌ین، ده‌بێ به هه‌موو لامانه‌وه فشار بكه‌ین كه ئه‌م گفتوگۆیانه گه‌ڵاڵه بكرێن و دووركه‌وتنه‌كان نێزیك بخرێنه‌وه، دووركه‌وتنه‌وه ئاسانه، لێك نێزیكبوونه‌وه ئاسته‌مه، ده‌بێ ئه‌م ئاسته‌مه تێ په‌ڕێنین و، ده‌بێ له‌گه‌ڵ یه‌كتری هه‌ڵبكه‌ین. ئه‌سڵه‌ن پرسی جیابوونه‌وه به‌قه‌ت ئه‌وه‌ی پرسی ئیداره‌دان بوو، پرسی سیاسی نه‌بوو، بۆیه نازانین كه‌ی یه‌ك ده‌گرینه‌وه، به‌ڵام ده‌بێ ئاگادار بین كه ده‌بێ وه‌ڵامی هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان بده‌ینه‌وه، چونكه ئه‌مه خه‌می هه‌موو گه‌لی كورده، حه‌قه هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان له خه‌می دیموكرات بن، چونكه دیموكرات بناغه‌ی ده‌وڵه‌تی كۆماری كوردستانی داناوه، پێشه‌وا قازی محەمەد و قاسملووی هه‌بووه، ناكرێت خه‌ڵك بێهیوا بكه‌ین".
ڕاپۆرتی شیكاری: كارزان سه‌باح هه‌ورامی




