٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

قایمقامی سۆران بۆ KDP ووردەکاری پێکدادانی ھێزەکانی پاسەوانی سنوور و پەکەکە دەخاتەڕوو

سەرچاوە: KDP.info

سیدەکان-KDP.info- قایمقامی سۆران رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە، لە گەرووی سنگا لە سنووری شارەدێی سیدەکان، پێکدادان لە نێوان ھێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق و پەکەکە روویداوە، بەوھۆیەوە شوانکارێک برینداربووە .

کرمانج عیزەت، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، بەپێی بڕیارێکی حکوومەتی عێراق  لەسەر سنوورەکان و لەو شوێنانەی، کە کێشەی تێدا ھەیە، بارەگاکانیان زیاد دەکەن بۆ پاراستنی گوند و ئاواییەکان لە شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا ".

قایمقامی سۆران ئەوەیشی راگەیاند: "ھێزەکانی پاسەوانی سنوور لەکاتی دانانی خاڵێكی  سەربازی، لەلایەن پەکەکەوە تەقەیان لێدەکرێت بۆ ڕێگریکردن لە دانانی ئەو خاڵە سەربازییە، بەوھۆیەوە شوانکارێک بەناوی مناف عەبدوڵڵا برینداربووە و باری تەندرووستی جێگیرە".

ناوبراو چوونی ھێزەکانی پاسەوانی عێراق بۆ سنوور بە ئاسایی دەبینێت، بەوپێیەی بۆ رێگریکردنە لەو شەڕوئاڵۆزییەی ھەیە لە ناوچەکەدا، تا چیتر خەڵک زیانی گیانی و ماددی پێ نەگات.

ھەروەھا جەختی لەوەشکردەوە، کە ھێزەکانی پێشمەرگە و پاسەوانی  سنوور ھەموو ئەو بنکە سەربازییانە بە ھاوبەشی بەڕێوەدەبەن.

 

سیروان سابیر

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار