ئەمڕۆ حكوومەت گرێبەستێك واژۆ دەکات.. وەجبەی دووەمی پارەی گەنمیش دابەش دەکرێت

ھەولێر-KDP.info- راوێژكاری وەزارەتی كشتوكاڵ دەڵێ، کە ئەمڕۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرێبەستێكی درێژخایەن لەگەڵ چەند كۆمپانیایەك بە مەبەستی كڕینەوەی 500 هەزار تۆن گەنمی ساڵانە لە جووتیارانی هەرێمی كوردستان واژۆ دەکات، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش دەڵێ، ئێستا وەجبەی دووەمی پارەی گەنمی جووتیاران ھاتووە و بڕیارە ئەویش دابەش بکەن.
حوسێن حەمەكەریم بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، کە حكوومەتی عێراق ساڵانە تەواوی گەنمی جووتیارانی كوردستان ناكڕێتەوە، ئەوەش وایكردووە جووتیاران تووشی زیان بن بە مانەوەی گەنمەكانیان، یاخوود فرۆشتنیان بە نرخێكی هەرزانتر لە بازاڕ، بۆیە حكوومەت بیری لە فرۆشتنی بەشێكی زۆری گەنمی جووتیاران كردۆتەوە بە كۆمپانیاكان، كە بڕەكەی 500 هەزار تۆنە بۆ هەر ساڵێك.
دەشڵێت: "كۆمپانیاكان 200 هەزار تۆن لە هەولێر، 150 هەزار تۆن لە سلێمانی و 150 هەزار تۆن لە دهۆك دەكڕنەوە، گەنمەكەش لە نێوخۆی كوردستان بە پیشەسازی دەكەن لە درووستكردنی ئارد و ساوەر و بڕوێش و چەندین بەرهەمی دیكە. بەمەش یاسای پاراستنی بەرهەمی نێوخۆی ژمارە چواری ساڵی 2008 جێبەجێ دەكەین و، ئاستی هاوردەی ئەم بەرهەمانە كەمدەكەینەوە و پێداویستی بازاڕەكانی كوردستانیش دابین دەكەین،. وە بۆ ئەوەی ئەم كۆمپانیایانە تووشی زیان نەبن، باج دەخەینە سەر هاوردەی ئەم بەرهەمانە لە دەرەوەی كوردستان".
حوسێن حەمە كەریم ئاماژەی بەوەشدا، بە گوێرەی بڕگەیەكی دیكەی گرێبەستەكە دەبێت 60% ئەو هەلیكارانەی بەهۆی ئەم گرێبەستەوە دەڕەخسێت، بۆ دەرچووانی كولێژە كشتوكاڵییەكان بێت، چونكە گرێبەستەكە درێژخایەنە و بە هەزارەها هەلیكاری نێوخۆیی دەڕەخسێنێت، بۆیە بۆ بابەتی بێكاریش سوودی زۆری بۆ كوردستان دەبێت".
لە بارەی نرخی كڕینەوەی گەنمەكەوە، گوتی: "نرخەكە وەزارەت دیاری دەكات بە گوێرەی كوالێتی گەنمەكە، بە جۆرێك كە سوودی بۆ جووتیاران هەبێت، وە ساڵانەش پێداچوونەوە بە نرخەكە دەكەین".
فەتحی مەجید، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی هەرێم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "حکوومەتی عێراق ٣٩٠ھەزار تەن گونمی بۆ جوتیارانی ھەرێمی کوردستان دیاری کردبوو و لەئێستادا ئەو بڕە گەنمە لە سایلۆکان وەرگیراوە و کۆتایی ھاتووە و، وەجبەی یەکەمی پارەش ھات و دابەشیان کرد، کە ھەشت ملیار دینار بوو" .
فەتحی مەجید گوتیشی: "وەجبەی دووەمی پارەی گەنمی جوتیاران گەیشتووە، بڕیارە ئەویش بەسەر جوتیاران دابەش بکرێت" .
هێدی کاکەیی_بڵند ئیبراھیم




