كاكه‌یی: پرۆسه‌ی ته‌عریب له كه‌ركووك به چه‌ندین شێواز و قۆناغ ده‌ستی پێ كردووه و به‌رده‌وامه

هه‌ولێر-KDP.info- په‌رله‌مانتارێكى فراكسیۆنى پارتی له لیژنه‌ى ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم له په‌رله‌مانى كوردستان ده‌ڵێ، له‌دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ری ٢٠١٧ پرۆسه‌ی ته‌عریب له شاری كه‌ركووك به چه‌ندین شێواز و قۆناغ ده‌ستی پێ كردووه و به‌رده‌وامه و پێویسته به‌زوویی ڕێگای لێ بگیرێت و له ڕێگای دادگای فیدراڵییه‌وه چاره‌سه‌ر بكرێت.
لیزا فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یى، به ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیمو‌كراتى كوردستانى ڕاگه‌یاند: "ئه‌وەی لە ناوچەکە دەگوزەرێت کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر گۆڕینی دیموگرافیای شاری کەرکووك دەبێت، به‌تایبه‌تیش بۆ پرسی کورد، له داهاتوو كاریگه‌رییه‌كانی به‌دیار ده‌كه‌ون كه کاریگەریی خراپی لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی داهاتوو و، هه‌روه‌ها پرۆسەی سەرژمێری دەبێت."
ئه‌و ئه‌ندامه‌ى لیژنه‌ى ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم له په‌رله‌مانى كوردستان ڕایشیگه‌یاند: "پرۆسەی تەعریب، بەتایبەت لە دوای ۱٦ ئۆکتۆبەری ساڵی ۲٠۱۷ بەم شێوازانە بەرێوە دەچێت: تیرۆر و، سووتاندنی دەغڵودان و، ڕفاندن و چەندین کردەوەی توندوتیژی بەدەستی گرووپە تیرۆریستییەکان و میلیشیاکان، كه بوونە هۆی ئەوەی لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا تاوەکو ئێستا لە سنووری داقووق (۱٥ ) گوندی کاکەیی نشین بە تەواوی چۆل بکرێن، هه‌روه‌ها لە ماوەی ئەم سێ ساڵەدا 62 پۆستی ئیداری لە شاری کەرکووك لە کورد سەندراونەتەوە و دابەشی سەر پێکهاتەکانی دیکەی شارەکە کراون.''
كاكه‌یى ده‌شڵێت: "ماوه‌یه‌كه بە بیانووی زیادەڕۆیی له شاری كه‌ركووك ڕووخاندنی ماڵی هاووڵاتیانی کورد بەردەوامە و، ئێستایشی لەگەڵدا بێت، پارێزگاری سه‌پێنراوی کەرکووك لەسەر ئەو بڕیارەی سوورە، هەرچه‌نده پێشتر ئه‌و خانوانە بە بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووك بەو هاووڵاتیانە دراوە و ڕێچکەی یاساییاشیان بڕیوە."
كاكه‌یى له لێدوانه‌كه‌یدا باسی له مه‌ترسیی چه‌كداركردنی هۆزه عه‌ره‌به‌كانی كه‌ركووكیش كرد و گوتی: "حکوومەتی خۆجێی کەرکووك و حکوومەتی عێراق لە سەردەمی کابینەی بەڕێز عادل عبدولمەهدی بڕیاری دا چەند هۆزێکی عەرەب لە سنووری کەرکووك پڕچەك بکرێن کە ژمارەی چەکدارەکانیان لە سەرووی هەزار کەسێکەوە دەبێت. ئەگەر حکوومەتی کازمی ئەم بڕیارە هەڵنەوەشێنێتەوە، دواجار ئەمەش دەبێتە کێشەیەکی دیکە بۆ دۆخی ئەمنیی کەرکووك، هەروه‌ها لە ساڵی 2007 حکوومەتی عێراق بڕیاری دا هێزێك بۆ هۆزەکانی عەرەب دروست بکات بە ناوی هێزی (سەحوە) دواجار کاتێك داعش هەڵتۆقی هەر ئەم هێزە بە چەکەوە ڕۆشتنە ناویان و بەردەوام پەلاماری کەرکووکیان دەدا، بۆیه پێویستە بە زووترین کات هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی ئەم بڕیارەی پارێزگاری کەرکووك بدرێت، لەبری ئەمە هەوڵ بدرێت پێشمەرگە و هێزە نیزامییە عێراقییەکان پێکەوە ڕۆڵیان هەبێت لە پارێزگاریکردن لە کەرکووك و ناوچەکانی دەوروبەری، یانیش پێکهێنانی هێزێکی هاوبەش لە پێکهاتەکانی ئەو ناوچانە ئه‌مه‌ش بۆ شنگال و دەشتی نەینەوا و دیالەش گونجاوە.''
له كۆتاییی لێدوانه‌كه‌یدا لیزا كاكه‌یی گوتیشی: "لە دوای پرۆسەی ئازادیی عێراق لە چوارچێوەی ماددەی 140 عەرەبە هاوردەکان قەرەبوو کرانەوە و هەر خێزانێك بڕی 20 ملیۆن دیناری پێ دراوە و گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان، بەڵام ئێستا ژمارەیەکی زۆر لەو عەرەبانە داوایان کردووە بۆ کەرکووك بگەڕێنەوە و ئاسانکاریشیان بۆ کراوە، هەر بەپێی زانیارییەکان (3000) کەس لەو عەرەبانە مامەڵەیان بۆ تەواو کراوە و فۆرمی خۆراکی کەرکووکیان بۆ دەرهێنراوە، ئەم پرسە زۆر جددییە و دەکرێت هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی دادگای فیدڕاڵییەوە هەوڵی چارەسەرکردنی بدات."
نه‌شوان به‌رزنجى




