٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڕوونکردنەوەیەک لە دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- دیوانی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی دامەزراندن و پلە بەرزكردنەوە بڵاو كردەوە و لە ڕوونكردنەوەكەدا ئاماژە بەوە دراوە كە لە چەند سایتێکدا هەندێک نووسراوی حکوومەت بڵاوکراونەتەوە کە تایبەتن بە دامەزراندن و پلە بەرزکردنەوە کە گوایا نایاسایین و گەندەڵییان تێدا کراوە، بەداخەوە دیارە ئەوانەی ئەم هەواڵەیان بڵاوکردووەتەوە، هیچ ئاگادارییەکیان لەبارەی یاسا و دامەزراندنی حکومییەوە نییە، ئەگینا نەدەکەوتنە نێو ئەو هەڵە زەقەوە.

دەقی ڕوونكردنەوەكەی دیوانی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران:

ڕوونكردنەوەیەك لە دیوانی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانەوە

لە چەند سایتێکدا هەندێک نووسراوی حکوومەت بڵاوکراونەتەوە کە تایبەتن بە دامەزراندن و پلە بەرزکردنەوە کە گوایا نایاسایین و گەندەڵییان تێدا کراوە ! . بەداخەوە دیارە ئەوانەی ئەم هەواڵەیان بڵاوکردووەتەوە هیچ ئاگادارییەکیان لە بارەی یاسا و دامەزراندنی حکوومییەوە نییە ئەگینا نەدەکەوتنە ناو ئەو هەڵە زەقەوە. ئێمە لە کاتێکدا سەرلەبەری ئەو تۆمەتانە رەت دەکەینەوە، بە پێویستیشی دەزانین ئەو خاڵانەی خوارەوە ڕوون بکەینەوە :

یەکەم: ئەو نووسراوانەی بڵاوکراونەتەوە هەموویان یاسایین و هیچ سەرپێچییەکی یاساییان تێدا نییە.

دووەم: بە پێی پەیڕەوی ئەنجومەنی وەزیران، هەر یەک لە سەرۆک و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بە پێی پێویست بۆیان هەیە چەند ڕاوێژکارێک دابمەزرێنن بۆ ڕاییکردنی کارەکانیان.

سێیەم: پۆستی ئەو بریکاری وەزیرانەی ناویان هاتووە، لە یاسای وەزارەتەکان و یاساکانی دیکەدا بوونیان هەیە و بەتاڵ ( شاغر) بوون، بۆیە پێویست بوو پڕ بکرێنەوە.

چوارەم: لەم کابینەیەدا، دامەزراندن لەو پۆستە باڵایانەدا، بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە و لە کەمترین ئاستدایە و تەنیا لە کاتی پێویستیدا فەرمانبەر دادەمەزرێت.

پێنجەم: کابینەی نۆیەم لە چوارچێوەی یاسای چاکسازی، سەرقاڵی یەکلاکردنەوەی بابەتی فەرمانبەری پلەباڵای (معوم)ە، ئەمەش بەڵگەیەکی ڕوونی چاکسازییە کارگێڕی و داراییەکانی کابینەی نۆیەمە بە ئاراستەی کەمکردنەوەی پلە باڵاکان لە میلاکی گشتیدا.

هیوادارین دەزگاکانی ڕاگەیاندن پیشەییانە مامەڵە بکەن و لە پێناو مەبەستی تایبەتیدا، چەواشەکاریی نەکەن.

 

دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران

2020/8/10

هەواڵی پەیوەندیدار