ڕێگای بازرگانیی بەردەڕەش بۆ ھەولێر دەکرێتە دووساید

ھەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بۆ کارباری ڕێگاوبان گوتی، بڕیارە دوای تەواوبوونی ڕێگای دھۆک بۆ ھەولێر لەمساڵدا دەست بە دروستکردنی ڕێگای دووسایدی بەردەڕەش بۆ ھەولێر بکرێت، کە ڕێگایەکی ستراتیژیی بازرگانیە و ھەموو ئەو کەلوپەلەی لە تورکیاوە ھاوردەی ھەرێم دەکرێت لەو ڕێگایەوە ڕەوانەی ھەولێر و پارێزگاکانی دیکە دەکرێت، بۆیە بە دروستکردنی ئەو ڕێگایە کارێکی زۆر باش دەبێت بۆ بازرگانان، بۆ ئەوەی بەئاسانی کەلوپەلەکانیان ڕەوانە بکەن، چونکە ئێستا لە بەردەڕەش تا کەڵەک ڕێگاکە یەکسایدە و پێویستی بەوە ھەیە بکرێتە دووساید.
بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بۆ کارباری ڕێگاوبان، سدقی ئامێدی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ڕێگای دھۆک بۆ ھەولێر دەبێتە ڕێگایەکی دووساید و ڕێگایەکی ستراتیژیە کە ھاتوچۆی ھاووڵاتیان لەو ڕێگایەوە دەکرێت و ئێستا لە دھۆکەوە تا وەکو پردی چەمە تەواو بووە و کار لە پردەکە دەکەن و لە دیوی ھەولێریشەوە کاری زۆر باش کراوە و بەردەوامیش کاری تێدا دەکرێت و بەڵێندەرەکە بریاری داوە کە تاوەکو کۆتاییی ئەمساڵ ئەو ڕێگایە تەواو بکەن کە بە شێوەیەکی ستانداردی جیھانی دروست کراوە بۆ ئەوەی تا ماوەیەکی درێژخایەن ئیمکانی ھاتوچۆکردنی شوفێران بەسەر ئەو ڕێگایەدا ھەبێت و ئێستا ڕێگا نادەن ئۆتۆمبێلی بارھەڵگر بەسەر ئەو ڕێگایەدا بێت تاوەکو تەواو دەکرێت."
سدقی ئامێدی گوتیشی: "ئێستا بارھەڵگری گواستنەوەی کەلوپەلی بازرگانی لە ڕێگەی بەردەڕەشەوە بۆ ھەولێر ھاتوچۆ دەکەن و بڕیارە دوای تەواوبوونی ڕێگای دھۆک بۆ ھەولێر ڕێگاکە بە ڕووی ھەموو شوفێران و بارھەڵگرانیشدا کە لە بواری بازرگانیدا کار دەکەن دەکرێتەوە و ڕێگای بەردەڕەش بۆ ھەولێر دادەخەن، چونکە ئەویش دەکرێتە دووساید."
ئامێدی باسی لەوەش کرد: "ھەرکاتێک ڕێگای دھۆک بۆ ھەولێر تەواو بوو دواتر دروستکردنی ڕێگای بەردەڕەش بۆ ھەولێر دەکرێتە دووساید، چونکە ڕێگایەکی ستراتیژییە و ھاتوچۆی بازرگانیی لەسەرە و ئێستا لە خەباتەوە تا ھەولێر دووسایدە و لە بەردەڕەشەوە تا کەڵەکیش دەکرێتە دووساید، چونکە ڕێگایەکی زۆر گرنگە."
دەربارەی ئەو گوژمەیە بۆ ئەو ڕێگایە خەرج کراوە، ئامێدی گوتی: "جارێ دیار نییە چەندی پێویستە تاوەکو ڕێگای دھۆک بۆ ھەولێر تەواو دەبێت، ئەوکات دەدرێتە بەڵێندەرێک و دیار دەبێت چەند پارەی پێویستە بۆ ئەوەی ڕێگاکە دروست بکرێت."
گوتیشی: "ھەموو ئەو کەلوپەلانەی لە تورکیاوە بۆ پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان ھاوردە دەکرێت لەو ڕێگەیەوە بارھەڵگەرەکان دەیگوازنەوە.''
بڵند ئیبراھیم




