پارتی بۆ ئەنجامدانی كۆنگرە چاوەڕێیە دۆخی تەندروستیی ھەرێم باشتر بێت

ھەولێر-KDP.info- راوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، ھۆكاری دواكەوتنی كۆنگرەی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ نەخۆشیی كۆرۆنا دەگەڕێتەوە، بەڵام ئامادەكاری كراوە و بڕیارە ئەمساڵ كۆنگرە ئەنجام بدرێت. بەرپرسی لقی ١٦ی پارتیش دەڵێت، ھیچ بڕیارێك بۆ دواخستنی كۆنگرە نەدراوە.
عارف روشدی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، ھۆكاری دواكەوتنی ئەنجامدانی كۆنگرەی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە بڕیار بوو لە مانگی نۆی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت، بە ھۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆناوە بوو، بەڵام بڕیار دراوە كە ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.
روشدی گوتیشی، ھەموو ئامادەكارییەك كراوە و چاوەڕێ دەكرێت ھەندێك دۆخی تەندروستیی ھەرێم باشتر بێت، ئەوكات رۆژێك لە ئەمساڵ بۆ ئەنجامدانی كۆنگرە دیاری بكرێت.
هەر لەو بارەیەوە، بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی لە ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پارتی جیددییە لەبارەی بڕیاری ئەنجامدانی كۆنگرە، بەڵام لەگەل ئامادەكارییەكانی كۆنگرە، ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاو بووەوە و كاریگەریی كردە سەر ئامادەكارییەكانی بەڕێوەبردنی كۆنگرەی چواردەیەم".
ناوبراو دەڵێت: "كۆنگرە، گردبوونەوەیەكی حزبییە و پارتیش لە ڕووی ئەندام و كادیرەوە گەورەترین حزبی عێراق و كوردستانە، لەبەر ئەوەش كاتێك كۆنگرە ئەنجام دەدات، ژمارەیەكی بەرچاوی كادیران و نوێنەر بەشداری دەكەن، بۆیە لەم كاتەدا بەڕێوەچوونی كۆنگرە ئەستەمە".
لەبارەی بژاردەكان لە ئەگەری دواكەوتنی كۆنگرە، بڵند ئیسماعیل روونی كردەوە: "پارتی زۆر جیددییە ئەمساڵ كۆنگرە بەڕێوە ببات و ھیچ بڕیارێكیش بۆ دواخستنی كۆنگرە نەدراوە".
بڵند ئیبراھیم - قائید میرۆ




