"رێككەوتنی ھەرێم و بەغدا، دەبێتە ھۆی سەقامگیریی هەموو عێراق"

بەغدا-KDP.info- سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بڕیارە ئەم ھەفتەیە شاندی ھەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن سەبارەت بە شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكەن و، لێكنزیكبوونەوەی باشیش ھەیە. سەركردەیەكی سوننەكانیش دەڵێ، چاوەڕێ دەكرێت ھەردوولا بگەنە رێككەوتن، چونكە رێككەوتنی ھەردوو حكوومەت، دەبێتە ھۆی سەقامگیری لە عێراقدا بە شێوەیەكی گشتی.
د. ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بڕیارە ئەم ھەفتەیە شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات، چونكە بەردەوامبوونی دانوستان پێویستە و رێككەوتننامەش پێویستە بەپێی دەستوور بكرێت و بۆ سەقامگیریی ھەردوو حكوومەت بێت، بۆیە گەر بگەنە رێككەوتن، دۆخەكەش سەقامگیر دەبێت".
سەبری گوتیشی: "لێكنزیكبوونەوەی باش ھەیە و تەنھا ھەندێك وردەكاری ماون، كە رەنگە ئەوانیش لەم چەند رۆژەدا یەكلا بكرێنەوە و بگەنە رێككەوتن".
لای خۆشیەوە، د. عەلا مەكی، سەركردەی سوننەكان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "عێراق پێویستی بە سەقامگیری ھەیە بۆ ئەوەی بچێتە قۆناغێكی دیكە، تا گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە كاریگەرییان لەسەر نەبێت و بتوانێت سەقامگیری دروست بكات، بۆیە پێویستە دانوستانەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا بەردەوام بێت و بگەنە رێككەوتن، ئەمەش لە بەرژەوەندیی ھەموو لایەكە و ھەرێمی كوردستان ناوچەیەكە بۆتە ھۆی سەقامگیری بۆ ھەموو عێراق، هەروەها سەقامگیریی ھەرێم، واتا سەقامگیریی ھەموو عێراق، بۆیە پێویستە حكوومەتی عێراق لەگەڵ ھەرێمی كوردستان بگاتە رێككەوتن".
مەكی، گوتیشی: "پێویستە دانوستانەكان دوانەكەون و پەلەیان لێ بكرێت، چونكە رێككەوتنی ھەرێم و بەغدا دەبێتە ھۆی سەقامگیریی عێراق بە گشتی، بۆیە پێشبینی دەكەم ئەمجارە ھەردوولا بگەنە رێككەوتن، چونكە بوونی كێشە لە نێوان ھەردوولا، دەبێتە ھۆی ناسەقامگیریی دۆخی عێراق".
بڵند ئیبراھیم




