جێگری پارێزگاری ھەولێر: رێگای نێوان پارێزگاكان بۆ ھەفتەیەك بە داخراوی دەمێنێتەوە

ھەولێر-KDP.info- جێگری پارێزگاری ھەولێر رایگەیاند: "پابەندی سەرجەم بڕیار و رێكارەكانی وەزارەتی ناوخۆ دەبین و، رێكاری نوێ دەرناكەین".
وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، كۆمەڵێك رێكاری دەركردوون بۆ رێگریكردن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی كۆرۆنا و پارێزگای دھۆكیش كۆمەڵێك رێكاری لە چوارچێوەی رێكارەكانی وەزارەتی ناوخۆ دەركرد و دەوامی بۆ ١٥ی مانگ داخست و هەروەها چەند رێنماییەكی نوێشی دەركرد.
لەوبارەیەوە، جێگری پارێزگاری ھەولێر، ھێمن قادر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دەست بە جێبەجێكرنی رێكارەكانی وەزارەتی ناوخۆ كراوە و ھەموو رێكارەكان وەكو خۆی جێبەجێ دەكەین، بۆ نموونە رێگای نێوان پارێزگاكان بۆ ھەفتەیەك بە داخراوی دەمێنێتەوە".
هێمن قادر گوتیشی: "ئێمە رێنمایی نوێ دەرناكەین و ھەمان رێنمایی وەزارەتی ناوخۆ، كە لە دوابەیاننامەیاندا بڵاویان كردەوە، ئەو جێبەجێ دەكەین".
بڵند ئیبراھیم




