٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شێخ جەعفەر: عەرەبی ھاوردە دەیانەوێت كورد لە خانەقین دەربكەن

سەرچاوە: KDP.info

خانەقین-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە خانەقین رایدەگەیەنێت، دوو رۆژە عەرەبی ھاوردە دوای ھاتنی ھێزی عێراقی بۆ سنووری گوڵەجۆ، ھەڕەشە لە كورد دەكەن، كە گوندەكان چۆڵ بكەن و زەوییەكانیش رادەستی ئەوان بكەن، بۆیە كێشەكە گەورە بووە و رەوانەی پارێزگای دیالە كراوە.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دوای ئەوەی ماوەیەك پێش ئێستا ھێزێكی عێراقی ھاتە سنووری گوڵەجۆ، دوو رۆژە عەرەبی ھاوردە ھاتوون بۆ سەر گوندەكانی سنووری گوڵەجۆ تا شێخ باوە و ھەڕەشە لە كورد دەكەن و پێیان دەڵێن، كە پێویستە گوندەكان و زەوییەكانیش چۆڵ بكەن و رادەستی ئەوانی بكەن، كە ئەو زەوییانە سەدان ساڵە موڵكی كوردن و، دەیانەوێت بە زۆر تەعریبیان بكەن".

شێخ مستەفا گوتیشی: "كێشەكە ھێشتا بەردەوامە و ئێمەش سەركردایەتیی خۆمان ئاگادار كردووەتەوە، كە لە ئێستادا كێشەكە رەوانەی پارێزگای دیالە كراوە بۆ ئەوەی چارە بكرێت، بۆیە فشارێكی زۆر لەسەر كورد ھەیە و دەیانەوێت بەزۆر گوند و ئاوایی و زەوییەكان لە كوردەكان بستێنن و عەرەبی ھاوردە داگیری بكەن، كوردیش ئەمە ڕەت دەكاتەوە".

ناوبراو باسی لەوەش كرد: "ئەگەر كێشەكە چارە نەكرێت، ھاوشێوەی گوندەكانی دیكە، عەرەبەكان شەوانە دێن تەقە لە كوردەكان دەكەن، بۆ ئەوەی خۆیان گوندەكان چۆڵ بكەن، بۆیە پێویستە بە زووترین كات ئەو كێشەیە چارە بكرێت".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار