٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"حکوومەت کارگەکانی داوەتە کەرتی تایبەت"

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info-  گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەرجەم ئەو کارگانەی کە مڵکی خۆیین و ٣٣ کارگەن بە دوو شێوە داونی بە کەرتی تایبەت و ئێستا کەرتی تایبەت کار لەو کارگانە دەکەن و حکوومەت تەنھا کرێیان لێ وەردەگرێت.

گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، فەتحی مەجید، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئێستا ھیچ کارگەیەکی نەماوە خۆی بەرێوەی ببات و هەموو کارگەیانی داوە بە کەرتی تایبەت، دانی کارگەکانیش بە کەرتی تایبەت بە دوو شێوەیە، ئەویش بە کرێ، یاخود بە شێوەی موساتەحە، لەبەر ئەوەی حکوومەت خۆی کارگە بەرێوە نابات."

فەتحی مەجید گوتیشی: "ئەو کارگانەی کە مڵکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانن ژمارەیان ٣٣ کارگەیە و ئێستا حکوومەت خۆی بەڕێوەیان نابات، ھەربۆیە ئەو کارگانە کە جۆراوجۆرن دراون بە کەرتی تایبەت."

مەجید باسی لەوەش کرد: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەباشتری زانیوە کە کەرتی تایبەت ئەو کارگانە بەڕێوە ببات، جا کەرتی تایبەت ئەوانەی کارگەکانیان لە حکوومەت وەرگرتووە خۆیان بەرپرسیارن چۆن کاری پێ دەکەن، بەڵام حکوومەت لەسەر کرێی خۆیەتی، ئەوانیش بە کەیفی خۆیان بەکاری بخەن، یاخود نا، ھەربۆیە ئێستا کارگەکان لە دەستی حکوومەت نەماون و لە دەستی کەرتی تایبەتن."

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار