٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، یانزەهەمین ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان پیرۆز دەکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.ifo- نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، بە بۆنەی (11)ھەمین ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:

به‌ڕێز عومه‌ری سه‌ید عه‌لی، ڕێكخه‌ری گشتی

به‌ڕێزان ئه‌ندامی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندن و جڤاتی نیشتمانیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان

له‌ یادى یازده‌ ساڵه‌ی دامه‌زراندنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا‌، به‌ گه‌رمى پیرۆزبایی له‌ به‌ڕێزتان و ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی بزووتنه‌وه‌كه‌تان ده‌كه‌م، هیوای به‌رده‌وامی و پێشكه‌وتنتان بۆ ده‌خوازم.

بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌ر له‌ دامه‌زراندنییه‌وه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی خوالێخۆشبوو نه‌وشیروان مسته‌فا كه‌ له‌م یاده‌دا سڵاو بۆ گیانی ده‌نێرین و یادی ده‌كه‌ینه‌وه‌، ڕۆڵێكی دیاری له‌ كایه‌ی سیاسیدا گێڕاوه‌، ئێستاش لایه‌نێكى‌ كاریگه‌ر و سه‌ره‌كیی پێكهاته‌ی حكوومه‌ت و پرۆسه‌ی سیاسیی كوردستانه‌، هه‌ڵوێسته‌كانیشی به‌رپرسیار و خه‌مخۆرانه‌ن.

هیوادارم ئه‌م یاده‌ گوڕوتینی زیاتر بداته‌ تێكۆشانی سیاسیی بزووتنه‌وه‌كه‌تان له‌پێناو ئامانجه‌ ڕه‌واكانی گه‌له‌كه‌ماندا، ئه‌م بۆنانه‌ ببنه‌ ده‌رفه‌تى قووڵكردنه‌وه‌ی گیانی هاوكاری و پته‌وكردنی هاوخه‌باتی و ده‌ستگرتنی كۆی لایه‌نه‌ تێكۆشه‌ره‌كانی كوردستان به‌ نه‌گۆڕ و ئامانجه‌ نیشتمانی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی گه‌له‌كه‌مانه‌وه‌.

دۆخی ناله‌بار و كێشه‌ و قه‌یرانه‌كان كه‌ به‌رۆكی كوردستانیان گرتووه‌، یه‌كڕیزی و ته‌بایی و پیكه‌وه‌یى له‌ هه‌موو لایه‌ك ده‌خوازێت تا بتوانین ئه‌م قۆناغه‌ سه‌خته‌ تێپه‌ڕێنین، گه‌له‌كه‌مان له‌ قه‌یران و كێشه‌كان ده‌رباز بكه‌ین، پارێزگاری لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان بکەین و هەنگاوی زیاتر بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان بنێین.

دووباره‌ پیرۆزباییتان لێده‌كه‌م و هیوای سه‌ركه‌وتنتان بۆ ده‌خوازم.

 

نێچیرڤان بارزانی

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

25/7/2020

هەواڵی پەیوەندیدار