پارتی پیرۆزبایی لە سەرۆکی تازەهەڵبژێردراوی پارتی کریستیان دیموکراتی هۆڵەندی دەکات
__2020_05_17_h20m22s24__HK__2020_07_21_h19m59s52__HK.jpg)
ھەولێر-KDP. info- پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕیگەی لێژنەی ناوچەی (پ.د.ک) لە ئەمستردام، پیرۆزبایینامەیەکی ئاراستەی بەڕێز (هۆگۆ یونگە)ی سەرۆکی تازەهەڵبژێردراوی پارتی کریستیان دیموکراتی هۆڵەندی (CDA) کردووە بە بۆنەی سەرکەوتنی کۆنگرەی تازەی پارتەکەیان و دەستنیشانکردنی ناوبراو بە سەرۆکی تازەی پارتی کریستیان دیموکراتی هۆڵەندی، کە هاوکات بەڕێز گۆگۆ، جێگری سەرۆکوەزیران و پۆستی وەزیری تەندروستیی لە کابینەی حوکمڕانی ئەم وڵاتەدا هەیە.
لە پیرۆزبایینامەکەی پارتی دیموکراتی کوردستاندا جەخت لەسەر برەودان بە پەیوەندییەکانی دەرەوەی نێوان هەردوو پارتی دۆست (KDP) و (CDA) کراوەتەوە و پارتی دیموکراتی کوردستان بە ناوی سەرکردایەتیی پارتییەوە هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی بەردەوامی بۆ پارتی کریستیان دیموکراتی هۆڵەندی و سەرۆکی تازەهەڵبژێردراوی پارتی ناوبراو، بەڕێز (هۆگۆ یونگە) خواستووە، هەروا سەرۆکی پارتی (CDA)ی بانگهێشتی هەریمی کوردستان کردووە.
پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرۆزبایینامەکەیاندا سوپاس و ستایشی پشتگیریی بەردەوامی وڵاتی شاهانەی هۆڵەندا و دامەزراوەکانی حکوومەتی ئەم وڵاتەی کردووە لە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و ئەزموونی دیمۆکراسی و گەشەپێدان و سەقامگیری لە کوردستاندا. پارتی کریستیان دیموکراتی هۆڵەندی (CDA) لە ١٩٢٦ دامەزراوە و لە مێژووی هاوچەرخی خۆیدا گۆڕانکاریی بنەڕەتیی ئەنجام داوە و بەتایبەتی لە ساڵانی (٨٠)ی سەدەی ڕابردوو دەسەڵاتدار بووە و ئێستاش بەشدارە لە هاوپەیمانیی حوکمڕانی لە هۆڵەندا لەگەڵ پارتەکانی: لیبراڵی هۆڵەندی (vvd)، پارتی دیموکراتی ٦٦ (D66)، پارتی کریستیان یۆنیۆن (CU).... پارتی کریستیان دیموکراتی هۆڵەندی پارتێکی ڕاستڕەو و میانڕەوە و هەڵگری بیری لیبراڵییە و لە بەرەی پارتەکانی گەڵی ئەوروپا یە و لە دواهەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەم وڵاتەدا خاوەنی: (١٩) کورسی لە پەرلەمان و لە سەناتی ئەم وڵاتەش خاوەنی (٩) کورسییە و لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپاشدا لە مانگی گوڵانی ٢٠١٩دا توانیی (٥) کورسی لە کۆی (٢٦) کورسی کە ڕێژەی وڵاتی شاهانەی هۆڵەندایە لە یەکێتییەکەدا مسۆگەر بکات.
پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕابردوودا پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ سەرجەم پارتە سیاسییەکانی وڵاتی شاهانەی هۆڵەندا بنیاد ناوە و لە هەرێمی کوردستانیش پێشوازی لە شاندە حزبی، پەرلەمانی و حکوومییەکانی ئەم وڵاتە کردووە و بە هەمان شێوەش پەیوەندییەکی بەهێزی هەیە لەگەڵ باڵوێزخانەی ئەم وڵاتە لە بەغدا و کۆنسووڵخانەی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان. هۆڵەندا وەک ئەندامێکی چالاک لە یەکێتیی ئەوروپا و لە هاوپەیمانیی نیودەوڵەتی لە شەڕی تیرۆردا پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ هەریمی کوردستاندا هەیە لە چەندین بواردا و دیاسپۆرای کوردستانیش لەم وڵاتە چالاک و کاریگەرن لە گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی هۆڵەندی – کوردی لەم وڵاتەدا .
بۆ دواجار لە نۆڤەمبەری ٢٠١٩ شاندی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) سەردانی وڵاتی شاهانەی هۆلەندای کردبوو و بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوە و شاندی یاوەری لە پەرلەمانی هۆڵەندا لە دەنهاخ لەگەڵ ژمارەیەک لە پارتە سیاسییەکانی ئەم وڵاتە و بەرپرسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی پارتە ناسراوەکانی هۆڵەندی بەشدار لە حوکمڕانیی ئەم وڵاتەدا کۆ ببوونەوە بۆ گەیاندنی دیدگا و پەیامی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر دۆخی سیاسیی هەرێم و ناوچەکە و شیکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و پرسی دەستوور و کێشە سیاسییەکانی نیوان هەولێر و بەغدا و پەرەسەندنەکانی کە لە ناوچەکە ڕوو دەدەن و کاریگەرییان لەسەر دۆزی کورد و هەرێمی کوردستانەوە هەیە و بۆ فراوانترکردنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) لەگەڵ پارتە سیاسییە ناسراوەکانی هۆڵەندی و ئاشناکردنیان بە پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان و هاندانیان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتی شاهانەی هۆڵەندا و هەرێمی کوردستان لە بواری سیاسی، دیپلۆماسی، ئابووری و بازرگانی و چەندین لایەنی جێی بایەخی نێوان هەردوو لا و، بەتایبەتیش هاوکاریکردنی بەردەوامی هۆڵەندا بۆ پێشکەوتنی هەرێم لە بواری ئابووری، کشتوکاڵی و مەشق و ڕاهێنانی بەردەوامی هێزەکانی هۆڵەندی بە پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕی تیرۆر و بەرزکردنەوەی تواناکانی سەربازیی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لەلایەن وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە شەڕی تێکشکاندنی تیرۆر لە کوردستان و ناوچەکەدا و چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ درێژکردنەوەی وادەی مانەوەی هێزەکانی هۆڵەندا و وڵاتانی تری دۆستی کوردستان بۆ مانەوەی هێزەکانیان لە کوردستان و بەردەوامیدان بە مەشق و ڕاهێنانی سەربازی بە هێزەکانی پێێشمەرگەی کوردستان و برەودان بە پڕۆژەکانی هۆڵەندا و پشتگیری و هاوکاریکردنی دامەزراوەکانی هەریمی کوردستان و ئاشتی و دیموکراسی و سەقامگیری لە کوردستاندا.




