٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ماڵپەڕی KDP پلانی حكوومەت بۆ بەگەڕخستنەوەی پڕۆژە ستراتیژییەكان دەخاتە ڕوو

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی پلاناندانان زانیاریی ورد و داتا لەسەر پڕۆژە ستراتیژییەكانی حكوومەت دەخاتە ڕوو، بەپێی بەدواداچوونێكیش، بەشێكی زۆری ئەو پڕۆژانە كە لە بەرنامەی حكوومەتدا هەن، كاریان لەسەر كراوە و بە گوێرەی توانای دارایی پڕۆژەكان تەواو كراون، كە گرنگترین ئەو پڕۆژانەش بریتین لە (رێگاوبان، كارەبا و پڕۆژەی ئاو)، هەروەها بڕیاریشە لە داهاتوودا حكوومەت بۆ هەندێك پڕۆژە گۆڕانكاری لە ستراتیژییەتی كاری خۆیدا بكات.

لە ماوەی یەك مانگدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان سێ پڕۆژەی گەورەی ستراتیژیی دەست پێكردووە، ئەوانیش پڕۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی و پڕۆژەی وێستگەی كارەبای هەڵمی خەبات و پڕۆژەی پیشەسازیی خۆراك لە دهۆك، لە بەرنامەی كاری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشدا لە هێڵە گشتییەكان باس لە خزمەتگوزاریی گرنگ دەكات بۆ كوردستان و تەواوكردنی پڕۆژە تەواونەكراوەكان و رێكخستنەوەی كەرتی وەبەرهێنان، لە ماوەی یەك ساڵی خۆیدا حكوومەت پڕۆژەی گەورە و ستراتیژی خستنە بواری جێبەجێكردنەوە، كە گرنگترینیان چاككردنی رێگاوبان و دروستكردنی تونێل و نۆژەنكردنەوەی شەقامە سەرەكییەكانی نێوان شارەكان و دروستكردنی سایلۆ و كارەبا و رێكخستنەوەی ئاوی شارەكان. هاوكات پڕۆژەی خزمەتگوزاری یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كەمدەرامەتان كە بڕیارە لە داهاتوودا كاری لەسەر بكرێت. مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە دوای كردنەوەی پڕۆژەی پیشەسازیی خۆراك لە دهۆك رایگەیاند: "لە دەستپێكی ئەو كایبنەیەی حكوومەت بەڵێنمان پێ دان گرنگی بە كەرتەكانی دیكەی ئابووری بدەین و بە تەنیا پشت بە یەك سەرچاوەی داهات لە كوردستان نەبەستین، بۆیە گەشەپێدان بە كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵ و بازرگانی، یەكێك لەو بەڵێن و بەرنامانە بووە، كە لە كارنامەی حكومەتدا هاتووە".

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتیشی: "لە چەند رۆژی رابردوودا ئەمە سێیەم پڕۆژەی ستراتیژییە دەستمان پێ كردووە، دوایین پڕۆژەیش  نابێت، پەنا بە خوا لە داهاتوودا پڕۆژەی گەورە و باشتریش لە هەموو كوردستان، بێ‌ جیاوازی  ئەنجام دەدەین".

راشیگەیاند: "ئەو پڕۆژانە هێزێكی زیاتر بە حكوومەت دەبەخشێت بۆ ئەوەی ئێمە لە هەموو كەرتەكانی دیكەدا بەرنامەكانمان جێبەجێ بكەین. بەرهەمی ئەو پڕۆژانە رەنگە لە كاتێكی نزیكدا بەدەست بێت، ئینجا دەردەكەوێت ئەو بەرنامەیەی حكوومەت بۆ هەمەجۆركردنی سەرچاوەی داهات و جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژە ستراتیژییانە، بڕیاری دروستن".

بەپێی بەدواداچوونێكی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەشێكی زۆری پڕۆژە ستراتیژییەكان كارەكانیان بە سەركەوتوویی بەڕێوە دەچن و بەشێكی دیكەش بە هۆی بێپارەییەوە راوەستاون. زاگرۆس فەتاح، بریكاری وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لە دەستپێكی كابینەی تازەوە، كۆمەڵێك پڕۆژەی وەستێنراو هەبوون لە هەردوو پڕۆژەی پارێزگاكان و وەزارەتەكان، كە ئەمانە لەسەر داوای سەرۆكی حكوومەت، كەوتنەوە كار و پارەیان بۆ خەرج كرا كە 60 پڕۆژەی وەزارەتەكان بوون، لەناو ئەو پڕۆژانەش پڕۆژەی ستراتیژی تێدا بوو، هاوتەریب لەگەڵ ئەمانە، پڕۆژەی پارێزگاكان بوون كە ئەمانەش كۆمەڵێك پارەیان بۆ خەرج كرا، هەندێكیان توانرا تەواو بكرێن. ئەو پڕۆژانەش كە بە ستراتیژی لە قەڵەم دەدرێن، 11 پڕۆژە دیاری كرابوون لە كابینەی نۆیەمدا دەستیان كردەوە بە كاركردن و پارەیەكی زۆریان بۆ تەرخان كراوە، بەڵام بە هۆی قەیرانی داراییشەوە هەندێك لەو پڕۆژانە وەستاون و هەندێكیان بەردەوامن، ئەوانەی بەردەوامن، بریتین لە (رێگای هەولێر- گۆپاڵە، كە لەلایەن كۆمپانیایەكەوە لە ژێر جێبەجێكردنە و ئێستاش كاری تێدا دەكرێت، رێگایەكی دیكە هەیە كە رێگای رۆڤیا بۆ دهۆكە، ئەویش كاری لەسەر دەكرێت و لە جێبەجێكردندایە، هەرچەندە هەندێك لە شایستە داراییەكانیان ئێمە نەمانتوانیە بیدەین، بەڵام لەلایەن ئەو بەڵێندەرانەوە پڕۆژەكان بەردەوامن، جیا لەوەش پڕۆژەی سایلۆی قوشتەپە و سایلۆی كەلار لە ژێر جێبەجێكردنن و توانیومانە ئالیەتێك بدۆزینەوە، بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژانە نەوەستن".

بریكاری وەزارەتی پلاندانان ئەوەشی خستە ڕوو: "لەگەڵ ئەوەشدا پڕۆژەی رێگای (كەلار- كفری) هەیە، كە پڕۆژەیەكی ستراتیژییە و بەردەوام كاری لەسەر دەكرێت، هیوادارین بتوانین بە زووترین كات تەواویان بكەین، ئەمە جگە لەوەی كۆمەڵێك پڕۆژەی ستراتیژی دیكە كە پەیوەستن بە هاووڵاتیانەوە، خزمەتگوزاری باشتر بۆ هاووڵاتیان دابین دەكات، لە رێگای هاوبەشیكردنی كەرتی گشتی و تایبەت ئەویش لە چوارچێوەیەك لەلایەن لە وەزارەتی پلاندانان و ئەنجومەنی وەزیرانەوە دانراوە و لە 1ی 7ی 2020 پەسەندكراوە، ئەمە میكانیزمێكی نوێیە بۆ ئەوەی بتوانین پڕۆژەی ستراتیژی و خزمەتگوزاری بگەیەنینە هاووڵاتیان و حكوومەت بەردەوامە بۆ ئەوەی پڕۆژەی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتیان بگەیەنێت جا بە هەر شێوەیەك لە شێوەكان بێت".

ناوبراو زیاتر لەو بارەیەوە قسەدەكات و دەڵێ: "ئێمە 60 پڕۆژەی وەزارەتەكانمان هەیە، پڕۆژەی گەورەن كە پێشتر پارەی بۆ خەرج كراوە و رەزامەندییان لەسەر دراوە، رێژەیەكی باشیشیان كاریان لەسەر كراوە، پڕۆژەی دیكەش هەیە لەوانە رێگای (بارزانیی نەمر) لە دهۆك لە جێبەجێكردندایە، حكوومەت هەوڵ دەدات كۆمەڵێك پڕۆژەی ستراتیژی دیكە بە میكانیزمێكی تر جێبەجێ بكرێن، ئەوش بەهاوبەشی كەرتی گشتی و تایبەت".

هاوكات سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی هاوكاریی كەرتی گشتی و تایبەت پێی وایە، حكوومەت چەند بڕیارێكی داون بۆ ئەوەی گرنگی بە كەرتی تایبەت بدات، هەندێك بەرنامەشی هەن هاوبەشن، ئامانجیش ئەوەیە چاو و رزقی خەڵك لە دەستی خۆی بێت و چاوی لە دامەزراندن لە دامودەزگاكانی حكوومەت نەبێت. مەسرور بارزانی، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، ئەو قەیرانەی بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ڕووی لە ھەرێمی كوردستان كردووە، ڕێگەی لە حكوومەت نەگرتووە پڕۆژەكانی جێبەجێ بكات.

زاگرۆس فەتاح، لەسەر هەمان ستراتیژییەتی قسەكانی سەرۆكی حكوومەت ئاماژە دەدات: "ئامادەكاری كراوە بۆ ئەوەی لە رێگای كەرتی گشتی و تایبەتەوە ئەو پڕۆژە ستراتیژیانە بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، لەوانە كۆمەلێك پڕۆژە هێنراون بۆ وەزارەتەكان و چاوەڕوانین بزانین كامانەن ئەو پڕۆژانەی دەتوانین جێبەجێیان بكەین، كام پڕۆژەن كەرتی تایبەت ئامادەیی هەیە جێبەجێیان بكات، كە 1ی 7ی 2020 فەرمانەكە دەرچووە، كۆمەڵێك ئامادەسازیی دەوێت و كۆمەڵێك رێكاری دەوێت تا دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و سەرجەم پڕۆژەكانیش بەپێی پلەبەندی بوون، ئەو پڕۆژانەی لەلایەن حكوومەتەوە جێبەجێ دەكرێن و پارەی بۆ خەرج كراوە، ژمارەی پڕۆژەكان بەپێی ژمارەی دانیشتیووانی هەر چوار پارێزگاكەی كوردستان دابەش كراوە تەنیا پارێزگای هەڵەبجە نەبێت كە رێژەكەی لە ژمارەی دانیشتووانەكەی زیاتری بۆ خەرج كراوە، ئەوەش لەبەر ئەوەی پارێزگایەكی تازەیە و پڕۆژەی خزمەتگوزارییان زیاتر پێویستە و لە كابینەی نۆیەمیشدا 204 ملیار دینار بۆ پڕۆژەكان بە شێوەی یەكسان خەرج كراوە".

ئەو هەروەها ئاماژەی بەوەش دا: "پڕۆژەمان زۆرە، لە كابینەی پێشووی حكوومەتدا پڕۆژە هەبووە و تەواو نەكراوە، ئەو بڕەپارەیەی ئێمە تەخمینمان كردووە بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكانیش پێویستیمان بە 4 ملیار دۆلار هەیە، بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكان كە خۆی لە 3 هەزار پڕۆژەدا دەبینێتەوە، بەو پارەیە دەتوانین پڕۆژەكان تەواو بكەین، بەڵام ئەمەش دیراسە دەكرێت و ئەولەوییەتیان پێ دەدرێتەوە، ئەوانەی پێویستن دەهێنرێنە پێشەوە و ئەوانەی زۆر زەرور نین دەخرێنە دواوە".

دەشڵێ: "پڕۆژە ستراتیژییەكان ئەوانەی بەهەندمان وەرگرتوون، زیاتر ئەوانەن كە خزمەتی هاووڵاتیان دەكەن، لەناو ئەوانە پڕۆژەی گەیاندنی ئاو، كارەبا، پڕۆژەی رێگاوبان، قوتابخانە و بەنداوەكانە، كە ئەوانە گرنگیی زۆریان هەیە لەلای حكوومەت و گرنگە ئەولەوییەتیان بدەینێ و پارەیان بۆ پەیدا بكەین، ئێستاش لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی لە گفتوگۆداین كە چۆن بتوانین بە شێوازێكی دیكە ئەو خزمەتگوزاریانە بگەیەننە ئەو شوێنانەی كە پێویستە بدرێتە بەڵێندەر و دواتر ئەو پارانەی بۆ خەرج بكرێت، تا پڕۆژەكە تەواو بكات، ئەوەش یەكێكە لە بەرنامەكاندا دامانناوە".

لەبارەی پڕۆژەی چاكسازییشەوە رایدەگەیەنێت: "پڕۆژەی چاكسازی بووەتە یاسا و لە ژێر جێبەجێكردندایە، راستە هێشتا بە تەواوی دەرئەنجامی دەرنەكەتووە، بەڵام ئەنجامی زۆر باشی دەبێت و هەموو سێكتەرەكان دەگرێتەوە و بێگومان ئێمەش دەگرێتەوە، كە لای ئێمە پڕۆژەی ستراتیژی دیكە هەیە ریزبەند نەكراون، بەشێكی دیكەش لە پڕۆژەكانمان لە ئەولەوییەتدان، بەڵام پارە لە بەردەست نییە بۆ تەواوكردنیان، لەوانە پڕۆژەی بەنداوەكان، كە پێشتر كاریان لەسەر كرا، بەڵام بە هۆی بێپارەییەوە راوەستاون".

-

كارزان سەباح هەورامی

   

هەواڵی پەیوەندیدار