٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"شانە نوستووەکانی داعش ڕێگرن لە نەگەڕانەوەی دانیشتووانی بەشێک لە گوندەکانی ڕەبیعە"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-‌  ڕۆژی 19/7/2020 ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە بە ناونیشانی ''هەرێمی کوردستانی عێراق: ڕێگا بە عەرەبەکان نادرێت بگەڕێنەوە''، لەم ڕاپۆرتەیدا باس لەوە دەکات کە لە چەند گوندێکی شارۆچکەی ڕەبیعە لایەنە ئەمنییەکان ڕێگا بە نزیکەی (١٢٠٠) هاووڵاتیی عەرەبی دانیشتووی ناوچەکە نادەن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، لە هەمان کاتدا دانیشتووانی گوندە کوردنشینەکانی ئەو ناوچەیە بە ئازادی دەگەڕێنەوە.

د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی ئەم ڕاپۆرتەی ڕێکخراوی ناوبراو ڕایگەیاند: لە دوای هێرشەکانی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر چەند ناوچەیەکی پارێزگای مووسڵ و داگیرکردنی ژمارەیەکی زۆری دانیشتووانی ئەم ناوچانە ناچار بوون شوێنەکانی خۆیان جێ بهێڵن و بەشی هەرەزۆریان ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد و بەبێ جیاوازی پێشوازییان لێ کرا و خزمەتگوزارییان پێشکەش کرا، دواتر لایەنە ئەمنییەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ پاراستنی گیانی ئەو هاووڵاتیانە چەند ڕێوشوێنێکی ئەمنییان گرتە بەر و بەشێک لە گوندەکانی ئەم ناوچانە کەوتنە سەرهێڵی تەماس و لەبەر شەڕ و پرۆسە سەربازییەکان نەتوانرا دانیشتووانەکانیان بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەوەیشی ڕوون کردنەوە، کە بەهۆی پرۆسەی ئازادکردنەوەی ئەم ناوچانە لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە، ناوچەکە بەگشتی بوو بە مەیدانی جەنگ و ڕووبەڕووی وێرانکارییەکی زۆر بووەوە لە ئەنجامی هێرشە خۆکوژییەکانی تیرۆریستانی داعش و مینڕێژکردنی ناوچەکە و بۆردوومانی فڕۆکەکانی هاوپەیمانان. هەروەها لە دوای هێرشی تیرۆریستان لایەنە ئەمنییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند ڕێوشوێنێکی ئەمنییان گرتە بەر، بەتایبەتی لە بازگەکان بۆ ڕێگاگرتن لە دزەکردنی تیرۆریستان و پاراستنی سەر و ماڵیان و ڕێگاگرتن لە شێواندنی ئەمن و ئاسایشی هەرێم، ئەم ڕێکارە ئەمنیانەش بەپێی ڕێنماییی تایبەت بەبێ جیاوازی لە نێوان پێکهاتەکانی ئەم ناوچانەدا ئەنجام دراون، زۆر جاریش بەهۆی ئەوەی بەشێک لە گوندەکان کەوتوونەتە سەر هێڵی تەماس ڕێگا نەدراوە خەڵکەکەی بگەڕێنەوە، چونکە ئامانجی سەرەکیی ئەو ڕێوشوێنانە پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتیانە.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بەو گوندانەی کە لە ڕاپۆرتەکەی ''هیومان ڕایتس وۆچ''دا ئاماژەیان پێ کراوە گوتی: لە کاتی هێرشی تیرۆریستانی داعش بەشێکی دانیشتووانی ئەم گوندانە هاوکاریی داعشیان کرد و ڕۆڵیان لە تاوانەکانی داعشدا هەبوو، بۆیە دوای ئازادکردنەوەی ئەم ناوچانە ڕوویان لە سەنتەری مووسڵ و سووریا کرد. لە گوندی قاهیرە (٣٧) خێزان پەیوەندییان بە داعشەوە کرد و بەشێکیان کردەوەی خۆکوژییان دژی پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکان ئەنجام داوە. لە گوندی سوفییە زیاتر لە (٢٠) خێزان پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە، لەوانەش خێزانی نەواف برجش ئەلشمەری کە وەزیری داراییی دەوڵەتی ئیسلامی بوو.

دیندار زێباری ئەوەیشی خستە ڕوو، کە لە گوندی سعوودیە نزیکەی (٧٠) خێزان پەیوەندییان بە داعشەوە کرد و سەرکردایەتیی شەڕەکانیان دەکرد دژی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاشکراکردنی شوێنەکانیان، لە گوندی مەحموودیە زیاتر لە (٨٠) خێزان پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە و بەشێکی زۆریان خۆکوژ بوون، سەبارەت بە گوندی شێخان بەشێکی زۆری دانیشتووانی ئەم گوندە یەکەم  جار پێشوازییان لە هاتنی داعش بۆ ناوچەکەیان کرد و ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبووە لە داخستنی ڕێگای نێوان پارێزگای دهۆک و ناحیەی زوممار کە بووە هۆی شەهیدبوونی ژمارەیەک لە پێشمەرگە.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی ئەوەیشی ڕوون کردەوە کە دانیشتووانی ئەم ناوچانە خۆیان ڕازی نەبوون بە گەڕانەوەی ئەوانەی پەیوەندییان بە تیرۆریستانەوە هەبووە و داوایان لە هێزەکانی هاوپەیمانان کرد کە ڕێگا نەدرێت بە گەڕانەوەیان، چونکە دەبنە هۆی تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە و زیندووکردنەوەی شانە نووستووەکانی داعش، هەروەها بەهۆی بوونی چەندین هێزی جیاجیا و هێرشی وڵاتانی ئیقلیمی بۆ سەر ناوچەکە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە شڵەژاوە.

لە کۆتاییی لێدوانەکەیدا دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێم گوتی: سەرەڕای ئەو ڕێوشوێنانەی تایبەتن بە خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، حکوومەتی هەرێم لە پەیوەندیی بەردەوامدایە لەگەڵ پارێزگای مووسڵ بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو بۆ بابەتی گەڕانەوەی خەڵکی ئەم ناوچانە بۆ سەر زێدی خۆیان و لەم ڕووەوە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێم ڕێنماییی تایبەتی دەرکردووە بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانی خۆیان بەبێ جیاوازیی ئایین و نەتەوە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار