لیوا عەبدولخالق بۆ KDP: ئەمڕۆ رێككەوتن لەبارەی چەند پرسێكی ناوچە كوردستانیەكانەوە دەكرێت

ھەولێر-KDP.info- ئەندامێكی شاندی وەزارەتی بەرگریی عێراق و نوێنەری ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ لە فەرماندەیی ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ شاندی وەزارەتی بەرگریی عێراق گەیشتووەتە ھەولێر و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە كۆدەبنەوە و تێیدا رێككەوتن لەبارەی چەند پرسێك لە ناوچە كوردستانییەكان دەكرێت.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەمڕۆ شاندێكی ١٥كەسی لە وەزارەتی بەرگریی عێراق بە سەرۆكایەتیی جێگری فەرماندەیی ئۆپراسیۆنی ھاوبەشی عێراق و خۆشم یەكێكم لە شاندەكەی وەزارەتی بەرگریی عێراق، سەردانی ھولێرمان كرد".
تەڵعەت گوتیشی: "مەبەست لەو سەردانە، بۆ تەواوكردنی كۆبوونەوەی ڕابردووی شاندی ھەرێم بۆ بەغدا و بڕیاردانە لەبارەی چەند كێشەیەك و رێككەوتن لەسەریان لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان".
ئەمەش لە كاتێكدایە، لە ماوەی ڕابردوودا شاندێكی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كرد و بڕیار درا درێژە بە كۆبوونەوەكان بدرێت و شاندێكی وەزارەتی بەرگرییش سەردانی ھەرێمی كوردستان بكات بۆ تەواوكردنی كۆبوونەوەی ڕابردوو.
بڵند ئیبراھیم




