٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كوالێتی نەخۆشخانە حكوومییەكان بەرز دەكرێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان سەرقاڵی بەرزكردنەوەی كوالێتی نەخۆشخانە گشتییەكانە و گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستییش دەڵێ، لە ھەموو شارەكان گرنگیی زیاتر بە نەخۆشخانەی حكوومی دەدرێت بۆ چارەسەری تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

د. محەمەد قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "نزیكەی ٢٠ نەخۆشخانە لە ھەرێمی كوردستان تایبەت كراون بە چارەسەركردنی تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و بەشێك لەو نەخۆشخانانەش لەلایەن خێرخوازانەوە دروست كراون و ژمارەیەكیش نەخۆشخانەی حكوومەتن، بەڵام ئێستا وەزارەت بڕیاری داوە نەخۆشخانەی نوێ دروست نەكرێت، چونكە كاتی پێویستە بۆ دروستكردنی نەخۆشخانە نییە، بەڵكو بڕیار دراوە كوالێتی نەخۆشخانەكانی حكوومەت بەرز بكرێتەوە".

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەشڵێت: "ئێمە لە ھەموو پارێزگاكان نەخۆشخانەی حكوومیمان ھەن كە بۆ چارەسەری كۆرۆنا بەكار دێن و پلانی وەزارەتیش ئەوەیە كوالێتی نەخۆشخانەكانی حكوومەت باشتر بكرێت و ئەو خەرجییەی لە نەخۆشخانەی نوێ خەرج دەكرێت، كوالێتی نەخۆشخانەكانی ئێستای پێ بەرز بكرێتەوە".

لەبارەی كەمیی ئامێری ھەناسەدانی دەستكرد، د. محەمەد جەختی كردەوە: "ھەرێمی كوردستان كێشەی ئامێری ھەناسەدانی دەستكردی نییە، لەبەر ئەوەی پێشتر لە ھەرێمی كوردستان تەنیا ٧٠ ئامێری ھەناسەدانی دەستكرد ھەبوو، كەچی لە ئێستادا زیاتر لە ٢٠٠ ئامێری دەستكرد ھەیە، كێشە لەوەدایە ئێمە خەڵكی پسپۆڕمان نییە بۆ بەكارھێنانی، لە ھەموو جیھانیش ئەو كێشەیە ھەیە و كەسانی شارەزا لە بواری بەكارھێنانی ئامێری ھەناسەدانی دەستكرد زۆر نین".

 

قائید میرۆ

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار