٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"جیهان ویستی هەیە واقعێکی یاساییی نێودەوڵەتی بداتە هەرێمی کوردستان"

سەرچاوە: KDP.info

دهۆک- KDP.info - هەرێمی کوردستان ناوەندیکی دیپلۆماسی و بڕیاردانی ناوچەیی و جیهانیە، ئێستا سەردانی سەرۆک و سەرکردەکانی جیهان بۆ هەرێمی کوردسیان ئاماژەن بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان قوڵاییەکی گەورەی سیاسیی هەیە.

بە دیدی مامۆستایانی زانکۆ هاتنی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، ژان ئێڤ لۆدریان، بۆ هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی گرنگ بوو.

د. سامی ڕێکانی، مامۆستای زانکۆ دەڵێ: "لە مێژوودا زۆر خاڵ هەن کە هەرێمی کوردستان و فەرەنسا پێکەوە دەبەستنەوە، ئەگەر لە دامەزراندنی هەرێمی کوردستانەوە باس بکەین چەندین خاڵی گرێدراو هەن، ئەوانە لە ڕووی مرۆیی و سیاسییەوە واتای مەبدەئییان بۆ کورد هەبووە."

هەمیشە هەڵوێستی فەرەنسا دەبارەی دۆزی کورد نەگۆڕ بووە و پشتیوانیی هەریمی کوردستانی کردووە. لە ڕووی سیاسیشەوە بەرژەوەندییەکانی فەرەنسا گەورەن، ئەگەر فەرەنسا هاوپەیمانێکی گەورەی لە ناوچەدا هەبێت ئەو هاوپەیمانە کوردە، بۆیەش فۆکسی فەرەنسییەکان لەسەر کوردستانە و دەیانەوێت هاوپەیمانی لەگەڵ کورد بەهێز بکەن."

ڕێکانی، پسپۆڕی سیاسەتی گشتی، گوتی: ''هەر لەدوای هاتنی ترامپ و بێهێزبوونی یەکێتیی ئەوروپاوە فەرەنسا دەیەوێت نفووز و پیگەی بەهێزی هەبێت و ئێستاش هاوکێشەکان بۆ سەرکێشیی نێودەوڵەتی گۆڕدراون و ئێستا یەکێتیی ئەوروپا لە خۆکۆکردنەوەدایە بە سەرکێشیی فەرەنسا و ئەڵمانیا و دەیانەوێت شوێنپێی خۆیان لە هاوکێشە و پرسەکانی جیهاندا بەهێز بکەن و گرنگترین پرسیشیان پرسی کوردە، چونکە لەم کێشانەی جیهاندا گۆڕانی ئابووری و جیۆپۆلیتیکی گەورە ڕوو دەدەن."

ئاماژەی دا: "ئێستا لە یوئێنیش ویستیان وایە پرسی کورد لە دەستی دەوروبەرەکەیان دەربهێنن و بیکەنە پرسێکی تر، چونکە پێگەیەکی گرنگی ستراتیژی و هاوکێشەیەکی نێودەوڵەتیی هەیە، پێگەیەکی جوگرافیی گەورەی هەیە، هیچ کەس ناتوانێت پشتگوێی بخات، ئەوانیش گەیشتوونەتە قەناعەتێك هەرکەس پشتی تێ بکات زیانی بەردەکەوێت و زیان بەر بەرژەوەندییەکانی دەکەوێت، چونکە واقعێکی یاسایی هەیە زیاتر لە هەمووانیش یەکێتیی ئەوروپا سوودی لێ دەبینێت و ئەگەر پشتیوانیی لێ بکات دەتوانێت مامەڵەی لەگەڵ بکات، چونکە تاکە ناوچەیە واقعێکی یاسایی هەیە و دەتوانن پرۆژەی تێدا جێبەجێ بکەن و ڕیگە نەدەن وڵاتانی تر پێگەی هەریمی کوردستان وەک کارتێک بۆ خۆیان بەکار بهێنن.''

هاتنی ژان ئیڤ لۆدریانی وەزیری دەرەوەی فەرەنساش بۆ هەرێمی کوردستان و باسکردنی پرۆژەکان مەرامی گەورەیان لەپشتە بۆ ئەوەی کوردستان زیاتر بتوانێت لەسەر پێیی خۆی بوەستێت و هیچ هەڕەشەیەکی لەسەر نەبێت.''

ڕێکانی دەڵێ: "کۆنفدرالییش پرسێکە دەیانەوێت کاردانەوە و وەڵامی وڵاتان بزانن، هەوڵی نێودەوڵەتی هەن بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت، کۆنفدرالییش ٤٨ شێوەی هەن، نەک بێژی ڕێک سەربەخۆن، بەڵام وەک ئەوان دەسەڵاتدارییان هەیە و لە مامەڵەدا سەربەخۆییی تەواویان هەیە و گرێ دراون بە وڵاتانی ترەوە بۆ ئەوەی سەروەرییان پارێزراو بێت و ئێستاش ڕوئیایەکی وا هەیە کە هەرێم ڕاستەخۆ و بەتەواوی تەسلیمی بەغدا نەبێت، بۆیەش هەوڵی ئەوە هەیە جۆرە کۆنفدرالیەک بە هەرێم بدرێت کە نە ئەو فیدرالیەی عێراق بێت و نە ئەو کۆنفیدرالیەی یەکیتیی ئەوروپا بێت، بەڵکو ئەو کۆنفیدرالیە مەرجدار بێت و زیاتر سەروەریی ئابووریی هەبێت و زیاتر بڕیاردەر بێت، بەڵام لە ئاستێکدا بێت کە لەگەڵ بەغدا پاراستنی نێودەوڵەتیی هەبێت."

د. سوزان ئامێدی، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان دەڵێ: "فەرەنسا وەڵاتێکی ناوەندییە و زۆر ئاگادارە لە جووڵانەکان و دەیەوێت هاوپەیمان و هەواڵبەندەکانی بپارێزرێت.''

ناوبراو بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "هەر لە سەردەمی دانیال میترانەوە تا ئیستا دەیانەوێ نیازی خۆیان پێشانی گەلی کورد بدەن، بەڵام ئێستاش لە چوارچێوەی عێراقدا هەڵسوکەوت دەکەن."

ئاماژەیشی دا: "فەرەنسا دەیەوێت هەمیشە پشتگیریی کورد بکات، بەڵام نایشیهەوێت پەیوەندیەکانی لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەری هەرێمی کوردستان بپچڕێنێت، هاتنی لۆدریان بۆ هەرێمی کوردستان مەلەفێکی گرنگی هەیە و دووپاتی کردەوە کە پشتیوانی کوردە، ئەمەش مانایەکی گەورەیە لە سیاسەتدا."

ئامێدی گوتیشی: "بانگهێشتکردنی مەسروور بارزانی بۆ فەرەنسا دەبێتە تەواوکەری مەلەفی فەرەنسی لە هەریمی کوردستان و بارودۆخی سیاسیی کورد لە ناوچەکەدا ڕوون دەبێت."

کاروان باعەدری

 

هەواڵی پەیوەندیدار