٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

خانزاد مام وسوو: بەشێک لە پڕۆژەی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر جێبەجێ کراوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بڕیارە سبەی، ڕۆژی یەکشەممە، ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر کۆ ببێتەوە و ئەندامێکی ئەنجومەنەکەش دەڵێ، ڕەوشی تەندروستیی پارێزگای ھەولێر تاوتوێ دەکرێت و دەنگ لەسەر بەڕێوەبەرێکی نوێ بۆ ناحیەی عەنکاوە دەدرێت.

خانزاد مام وسوو، ئەندامی فڕاکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سبەی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر کۆبونەوەی ژمارەی ٧٩ی بەڕێوە دەبات و تێیدا چەند پرسێک دەخرێنە ڕوو، لەوانەش دەنگدان لەسەر بەڕێوەبەری ناحیەی عەنکاوە و چەند پرسێکی ئیداری لە سنووری پارێزگای ھەولێر و بەڕێوەچوونی کاروباری ھاووڵاتییان."

ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر دەڵێت: "ھەر لە کۆبوونەوەی سبەی یەکشەممەی ئەنجومەندا تاوتوێکردنی ڕەوشی تەندروستی لە سنووری پارێزگای ھەولێر دەکرێت، بەتایبەتی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ھەڵسەنگداندنی ڕەوشی کۆرۆنا دوای ئەوەی لە ڕۆژانی ڕابردوو ڕێژەکە بەرز بووەتەوە."

لەبارەی پڕۆژەی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر پەیوەست بە پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران، خانزاد مام وسوو ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ڕاستە پڕۆژەیەکمان ساڵی ڕابردوو لەبارەی گەڕانەوەی شێوازی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران پێشکەش بە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران کردبوو، بەڵام ھەندێ خاڵی نێو پڕۆژەکە لەلایەن کابینەی ئێستاوە جێبەجێ کراون و بەڵێنیش دراوە لەگەڵ باشبوونی ڕەوشی دارایی ئەوانی دیکەش کاریان لەسەر دەکرێت، بەتایبەتی کردنەوەی ژمارەی بانکی بۆ فەرمانبەران و بەکارھێنانی پاشەکەوت لەبڕی کرێی ئاو و کارەبا."

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار