عومەر ئورەیی: ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ شیلادزێ جێبەجێ دەکرێن

ئامێدی-KDP.info- لقی پارتی لە قەزای ئامێدی داواکاریی خەڵکی شیلادزێی گەیاندووەتەوە سەرکردایەتیی پارتی و تیمی پارتی لە حکوومەتدا. بەرپرسی لقی ھەژدەی ئامێدیش دەڵێ، بڕیارە ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە ناحیەی شیلادزێ جێبەجێ بکرێن.
عومەر ئورەیی، بەرپرسی لقی ١٨ی پارتی لە ئامێدی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە وەک لقی ئامێدی بەردەوام لەگەڵ داواکاریی ڕەوای خەڵکی خۆمان بووینە لە ناوچەکە و ڕۆژانی ڕابردووش ژمارەیەک داواکاریی خەڵکی ناحیەی شیلادزێی سەر بە قەزای ئامێدی گەیشتوونەتە دەستی ئێمە، دوای پێداچوونەوە ھەموو ئەو داواکاریانەی خەڵکی ناوچەی شیلادزێ بەرز کراونەتەوە بۆ سەرۆک بارزانی و سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان."
بەرپرسی لقی پارتی لە ئامێدی گوتیشی: "داواکارییەکان ھەموویان ڕەوان و لە بوارەکانی خزمەتگوزاری و ئەمنی پێک ھاتوون، وەک دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی گشتی لە شیلادزێ و گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ناحیەکە، چونکە شیلادزێ ناوچەیەکی سنورییە و بەھۆی ئالۆزییەکانی سەر سنوور بەردەوام کێشە بۆ خەڵکەکەی پەیدا دەبێت."
عومەر ئورەیی جەختی کردەوە: "لەلایەن سەرکردایەتیی پارتیمان و تیمی پارتی لە حکوومەت بەڵێنی ئەوەمان پێ دراوە ئەوەی لە توانای حکوومەتدایە بۆ خەڵکی ناوچەکە درێغی ناکەن و بڕیارە ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە ناحیەی شیلادزێ جێبەجێ بکرێن، بەتایبەتی تەواوکرنی نەخۆشخانەی ١٠٠ تەختیی شیلادزێ."
قائید میرۆ




