دەستمان كردووە بە كڕینەوەی بەرهەمی پەتاتە

سلێمانی-KDP.info- سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی رایدەگەیەنێت، بۆ پاڵپشتیكردنی كەرتی كشتوكاڵ و زیانمەندنەبوونی جووتیاران، بڕیاریان داوە بەرهەمی پەتاتەی جووتیاران بكڕنەوە.
سیروان محەمەد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ژووری بازرگانیی سلێمانی بڕیاری كڕینەوەی بەرهەمی پەتاتەی جووتیارانی پەسند كردووە و، لە ئێستادا دەستمان كردووە بە كڕینەوەی بەرهەمی جووتیاران، ئەمەش وەك هەنگاوێك بۆ پاڵشتیكردنی كەرتی كشتوكاڵ و زیانمەندنەبوونی جووتیاران و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ و پەرەدان بە بەرهەمی پەتاتە".
محەمەد ئاماژەی بەوەش دا: "هەر تۆنێك پەتاتە بە بڕی 250 هەزار دینار لە جووتیاران وەردەگرین و لە هەنگاوی یەكەمیشدا 125 تۆن دەكڕینەوە، لە ئێستاشدا داوامان لە ئەندامان و بازرگانان كردووە دەست بكەن بە كڕینەوەی بەرهەمی زیاتر بۆ پاڵشتیكردنی جووتیاران و پڕۆسەكەش بەردەوامی دەبێت بۆ ئەوەی زیاترین رێژە بكڕینەوە".
سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی روونیشی كردەوە: "لە ئێستادا بەرهەمی پەتاتەی جووتیارانی سلێمانی و هەڵەبجە و بازیان دەكڕینەوە و لە رێگای تیمەكانەوە دابەشی سەر ماڵە هەژارەكان و ئەو شوێنانەی دەكەین، كە پێویستە بە خۆڕایی پێان بدرێت".
هێدی كاكەیی




