پارتی دیموکراتی کوردستان ٢٣١مین ساڵڕۆژی نیشتمانیی فەرەنسا و ڕۆژی باستیل پیرۆز دەکات

ھەولێر-KDP.info- پێوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیمۆکراتی کوردستان، ٢٣١مین ساڵڕۆژی نیشتمانیی فەرەنسا و ڕۆژی باستیل پیرۆز دەکات.
پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان (ک.د.پ) بە ناوی گەڵی کوردستان و سەرکردایەتیی پارتی دیمۆکراتی کوردستانەوە لە بیرەوەریی یادکردنەوەی ٢٣١مین ساڵڕۆژی نیشتمانیی کۆماری فەرەنسای دۆست کە لە مێژوودا بە ڕۆژی باستیل و سەرکەوتنی شۆڕشی ئەم وڵاتە لە ١٤ی مانگی جوولای ١٧٨٩ دێت و لە ١٧٩٠دا یەکگرتنەوەی فەرەنسای لێ کەوتەوە، نامەیەکی پیرۆزباییی ئاراستەی بەڕێز ئولیڤیێ دیكۆتینێ، کۆنسووڵی گشتیی کۆماری فەرەنسا لە هەرێمی کوردستا کرد و پیرۆزباییی ئەم ڕۆژەیان لە گەل و حکوومەتی فەرەنسا و ستافی کۆنسووڵگەرییەکەیان کرد لە هەرێمی کوردستان و هیوای پێشکەوتن و برەودان بە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان گەڵانی کوردستان و کۆماری فەرەنسای دۆستی خواستووە. لە لایەکی تریشەوە سوپاس و ستایشی پشتگیرییەکانی ئەم وڵاتەی لە هەرێمی کوردستان کردووە.
پەیوەندییە مێژووییەکانی گەڵی کورد و کۆماری فەرەنسا دەگەڕێنەوە بۆ سەرەتای شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە سەرۆکایەتیی ژەنەڕال مستەفا بارزانی نەمر کە لەو سەردەمەدا بارزانی نەمر و ژەنەڕاڵ دیگۆڵ چەندین نامەیان لەگەڵ یەکتردا گۆڕیوەتەوە و چەندین کەسایەتیی ناسراوی فەرەنسیش بۆ پشتگیریی گەڵی کورد سەردانی کوردستانیان کردووە و بابەتگەڵێکی زۆریش لەسەر پرسی کورد لەم وڵاتە بڵاو کراوەتەوە و کۆمەڵگای فەرەنسی هاوسۆزی پرسی کوردن. لە سەردەمی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراق و لە سەردەمی پرۆسەی بەدناوی ئەنفاڵ و بەکارهێنانی چەکی کۆمەڵکوژی کیمیاویی یاساغکراوی نێودەوڵەتی دژ بە گەڵی کورد لە هەڵەبجە و کوردستان، فەرەنسییەکان بە پشتیوانیی بەهێزی مافە ڕەواکانی گەڵی کورد ناسراون. پەیوەندییەکانی نێوان فەرەنسا و کوردستان لە دوای شەڕی کەنداو و لە سەرەتای ڕاپەڕین و کۆڕەوی ملیۆنی و سەرخستنی پڕۆژە بڕیاری ٦٨٨ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٥ی نیسانی ١٩٩١دا بەردەوام گەشەسەندنی بەخۆیەوە بینیوە کە کۆماری فەرەنسا هەردەم پێشەنگ بووە لە پشتگیریکردنی مافەکانی گەڵی کورد و بۆ ڕێگریکردن لە جینۆساید و پاکتاوی ڕەگەزیی ڕژێمی فاشتی بەعس و سەددام بەرامبەر بە خەڵکی کوردستانی باشوور. وڵاتی فەرەنسا پشتیوانێکی بەهێز بووە لە دەرچواندنی پڕۆژەبڕیاری ٦٨٨ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دروستکردنی ناوچەی ئارام و زامنکردنی پاراستنی نێودەوڵەتی بۆ کورد. هەرەوا لە سەردەمی بەڕێوەچوونی یەکەمین هەڵبژاردنی دیمۆکراتیک بۆ هاتنە کایەی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بنیادنانی دیمۆکراسی و ئاشتی و پێکەوەژیان و فرەیی لە هەرێمی کوردستاندا کۆماری فەرەنسا پشتیوانێکی سەرسەختی مافە ڕەواکانی گەڵی کورد بووە. کۆماری فەرەنسا وڵاتێکی بەهێزە لەسەر ئاستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەندامی هەمیشەییی ئەنجومەنی ئادسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە و وڵاتێکی بەهیزی ناتۆ و ئەدامێکی کارای یەکێتیی ئەوروپایە و لە چەندین دامەزراوەی نێودەولەتیشدا لەسەر ئاستی سیاسی، دیپلۆماسی، ئابووری، سەربازی و... بە زڵهێزێکی مەزنی ئەوروپا و جیهان هەژمار دەکریت کە ڕۆڵی مەزن دەگێڕێت لە هێنانەدی ئاسایش و سەقامگیری و ئاشتی و چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییە سیاسییەکان و شەڕ و توندوتیژییەکان لە جیهان و بەتایبەتیش لە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و... لە وڵاتە پێشەنگەکانی جیهان هەژمار دەکرێت. کۆماری فەرەنسا لە ساڵانی ٩٠ و لە سەردەمی سەرۆک فرانسوا میرانددا ڕۆڵێکی گرنگی بینی لە هێنانەدی ئاشتیی ناوخۆیی و نەهێشتنی شەڕی ناوخۆیی لە کوردستانی باشووردا و چەندین ڕێکخراوی فەرەنسی بواری هاوکاریی مرۆیی لە کوردستان چاڵاکییان هەبووە. لە ساڵی ٢٠٠٨ کۆنسووڵخانەی وڵاتەکەی لە هەولێری پایتەخت کردەوە و بەهۆیەوە ڕێگەی خۆش کرد تاوەکو چەندین وڵاتی زڵهێزی تریش کۆنسووڵگەری لە هەرێمی کوردستان بکەنەوە. کۆماری فەەنسا لە ٢٧ ساڵی ڕابردوودا و بە کردەوەش لە (١٥) ساڵی ڕابردوودا کە هەرێمی کوردستان لە قۆناغێکی هەستیاری گەشەپێدان و دیمۆکراسی و ئاوەدانی و پاراستنی دەستکەوتەکانی بووە و قەوارەی هەرێمی کوردستان بەردەوام هەڕەشەی لەسەر بووە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ناوچەییدا کۆماری فەرەنسا پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسی هەریمی کوردستان بنیاد ناوە و و سەرکردەکانی کوردستانی بە فەرمی بانگهێشتی وڵاتەکەی کردووە و لەسەر ئاستی باڵاش گەورە بەرپرسانی وڵاتەکەی، وەک سەرۆککۆمار و وەزیرانی دەرەوە و بەرگری و پەرلەمانتاران و سەناتۆران و دامەزراوە گرنگەکانی ئەم وڵاتە بەردەوام سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و گرنگییان بە سەقامگیری و ئاشتی و ئارامی لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوە. لە ساتەوەختە سەخت و مەترسیدارەکانیشدا لە ٢٠١٤ کە بۆ یەکەمین جار سەرۆککۆمار فرانسوا ئۆڵاند سەردانی هەولێری پایتەختی کرد و لەگەڵ سەرۆک مەسعوود بارزانی کۆ بووەوە و سەردانی پێشمەرگەی کوردستانی کرد لە بەرەکانی جەنگی تیرۆردا، بە سەرکەوتنێکی مەزنی دیپلۆماسی هەرێمی کوردستان لەگەل دەرەوە هەژمار دەکرێت و بە پشتیوانییەکی مۆراڵی گەورەی فەڕەنسا بۆ هەرێمی کوردستانیش دادەنرێت و پشتیوانی بەردەوامیان لە ئەزموونی دیمۆکراسیی هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی گرنگ لە ناوچەکەدا بە فاکتەرێکی گرنگی دوورخستنەوەی هەڕەشە و مەترسییەکان بۆ سەر هەرێم دادەنرێت. کۆماری فەرەنسا هەردەم هەوڵی داوە بە ڕێگە چارە سیاسی و دیپلۆماسی و ئاشتیانە دۆخی کوردستان و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەریم و بەغدا هێور بکاتەوە. بەتایبەتی لە هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕی تێکشکاندنی ڕیکخراوی تیرۆریستی داعش و هاندانی عێراقی فیدراڵ بۆ ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان. لە هەمان کاتدا سەرۆکایەتیی فەرەنسا لە سەردەمی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی لە شنگال لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە پشتیوانییەکی سەرەکیی پێشمەرگەی کوردستان بوون بۆ ڕێگریکردن لە جینۆسایدی کوردان و پێکهاتە ئیتنی و ئایینییەکان لە ناوچەکەدا. کۆماری فەرەنسا بەتایبەتی لە ساتەوەختی پەلاماردانی هەرێمی کوردستانەوە لەلایەن مەترسیدارترین ڕێکخراوی تیرۆریستیی جیهانی (داعش) و لە قۆناغی پۆست داعش و بەتایبەتیش دوای بڕیاری مێژوویی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی باشووری کوردستان کە زۆرینەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان لە ٢٥ ی سێپتەمبەری ٢٠١٧ دا دەنگی بەڵێیان دا کە دۆخێکی سیاسی و هەڕەشەئامێز و مەترسی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی بۆ سەر ئەزموونی هەرێمی کوردستانی لێ کەوتە و گوشارێکی سیاسی و سەربازی و ئابلۆقەی ئابووریی گەورە ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان بووەوە. عێراق هەوڵی دا لە ڕیگەی پەڵاماردانی سەربازی کێشەکانی لەگەڵ هەرێم یەکلایی بکاتەوە و وڵاتانی ناوچەکەش ئەنجامەکانی ڕاپرسیی هەریمی کوردستانیان پی هەزم نەکرا و بە داخستنی سنوورەکانیان و هەڕەشە و گوشارخستنە سەر هەرێمی کوردستان هەوڵیان دا لە هەموو لاوە گەڵەکۆمە لە ئەزموونی دیمۆکراسیی هەریمی کوردستان بکەن، بەڵام کۆماری فەرەنسا گەڵی کوردستانی بەتەنیا جێ نەهێشت و پیلانەکانی سەر ئەزموونی دیمۆکراسیی هەرێمی کوردستانی پووچەڵ کردەوە و سەرۆککۆماری فەڕەنسا ئێمانۆئێل ماکرۆن، سەرۆکوەزیرانی پێشووی هەریمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانیی بانگهێشتی کۆشکی ئێلیزێ کرد و فەرەنسا بەکردەوە پێگە و کاریگەریی خۆی بەکار هێنا و جەختی لە پاراستنی ئەزموون و ستاتۆ و پێگەی هەرێمی کوردستان کردەوە و پشتگیریی لە دیالۆگی ئاشتیانەی نیوان بەغدا و هەولێر کرد و داوای جێبەجێکردنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان کرد لە چوارچێوەی یاسای بنەڕەتیی عێراقدا کە لە دەستووردا دانی پێدا نراوە. کۆماری فەرەنسا هەروا لە دەستێوەردانی ناوچەیی و نیودەوڵەتی لە دۆخی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستانیش بێدەنگی شکاند و پاڵپشتێکی بەهێزی هێزە کوردییەکان بووە لە شەڕی تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش و لە قۆناغی سەرهەڵدانی ناکۆکییەکانی نیوان تورکیا و ڕۆژئاوای کوردستانیش کە هێرش و ئۆپەراسیۆنەکانی سەربازی سوپای تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستانی لێ کەوتەوە و نیگەرانیی سیاسی و دیپلۆماسی توندی کۆماری فەرەنسا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا و لە یەکێتی ئەوروپا و ناتۆ و دامەزراوەکانی تری سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکاندا، هەروا هەڵوێستیکی مرۆڤدۆستانەی بەهێزی هەبوو لە گوشارخستنە سەر تورکیا بۆ ڕاگرتنی هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا کە بەهۆیەوە دۆخی ناوچەکەی ئاڵۆزتر کردبوو، بەهۆی بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکاوە ڕاستەوخۆ سەرۆکی فەرەنسا، ماکرۆن، داوای لە سەرۆکی ئەمەریکا، ترامپ، کرد کە هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا نەکشێنەوە بەهۆی بەردەوامیی مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش و هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و خەڵکی سڤییل کە ئەم هەڵوێستە مرۆڤدۆستانەی سەرۆکی فەرەنسا هەروا کاریگەرییەکی گەورەی هەبوو لە پاراستنی گەڵی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان. بەهۆی گرنگیی پێگەی هەرێمی کوردستان و گەشەسەندنی پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان و فەرەنسا لە هەموو بوارەکاندا، پێشبینی دەکرێت پەیوەندییە سیاسی و ستراتیژیەکانی نێوان هەولێر و پاریس پێیان ناوەتە قۆناخێکی زۆر هەستیارەوە کە ئامانج لێی مانەوە، پاراستنی سەقامگیری و گەشەپێدانی ئەزموونی دیمۆکراسیی هەرێمی کوردستانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پڕ لە کێشە و شەڕ و توندوتیژیدا.




