دۆڵەمەری بۆ KDP: وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا شەو لە هەولێر دەمێنێتەوە

فەڕەنسا -KDP.info- بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا، كە دوێنێ چوارشەممە بڵاوی كردەوە، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، ژان ئیڤ لۆدریان، ئەمڕۆ پێنجشەممە دەگاتە بەغدا و دواتر سەردانی هەولێر دەكات. لەبارەی ئەو سەردانەشەوە، نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە وڵاتی فەڕەنسا ڕایدەگەیەنێت، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە بۆ خستنەڕووی سیاسەتی چوار ساڵی داهاتوو لەگەڵ حكوومەتی عێراق.
نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە وڵاتی فەڕەنسا، د. عەلی دۆڵەمەری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "بڕیارە ئەمرۆ پێنجشەممە، وەزیری دەرەوە فەڕەنسا، ژان ئیڤ لو دریان، بگاتە عێراق و لە بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق كۆدەبێتەوە بۆ خستنەڕووی سیاسەتی چوار ساڵی داهاتوو لەگەڵ حكوومەتی عێراق و دواتریش سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات".
سەبارەت بە بەرنامەی كاری سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی فەڕەنساش، دۆڵەمەری گوتی: "وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا دوای بەغدا سەردانی شاری هەولێر دەكات و بۆ شەویش لە هەولێر دەمێنێتەوە، ئەمەش گرنگیی زۆری هەیە و چەندین جاریش سەردانی عێراق و هەرێمی كوردستانی كردووە و بۆ شەوەكەی لە هەولێر ماوەتەوە، دواتریش كۆبوونەوەی دەبێت لەگەڵ جەنابی (سەرۆك بارزانی) و، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكوومەت و، پاشان لە بەرنامەیدایە سەردانی هێزەكانی خۆیان لە سەربازگە بكەن بۆ شەڕی دژی داعش، كە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیەتیی نێودەوڵەتی لە هەرێمی كوردستانن، هەروەها بابەتی ئابووری و كەلتووری و پەتای كۆرۆناش باس دەكات، چونكە بڕیار بوو زۆر شت بكرێت لە نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی فەڕەنسا، بەڵام بە هۆی هاتنی پەتای كۆرۆنا ڕاوەستاون".
دۆڵەمەری، لەبارەی گرنگیی سەردانەكەش گوتی: "ئەو سەردانە گرنگە، چونكە كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق تازە پێكهاتووە و، فەڕەنساش یەكێكە لەو وڵاتانەی زۆر گرنگی بە عێراق و هەرێمی كوردستان دەدات، رۆڵێكی ئیجابیی بینیوە و دەیەوێت لەو رۆڵەی بەردەوام بێت و، لەگەڵ حكوومەتی عێراقیش گفتوگۆ بكات بە تایبەت لە شەڕی داعش كە هێشتا تەواو نەبووە و، فەڕەنساش قوربانیی زۆری داوە لەو شەڕە و زۆریش جەخت دەكەنەوە كە دەبێت كۆتایی بە داعش بهێنرێت لە عێراق و لەسووریا".
نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە وڵاتی فەڕەنسا گوتیشی: "بۆ هەرێمی كوردستانیش زۆر گرنگە، لەبەر ئەوەی كورد فاكتەرێكی سەرەكی بووە لە شەڕی دژ بە داعش، هیچ كات وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا نەهاتووەتە عێراق بە بێ هەرێمی كوردستان، چونكە دەزانن كورد فاكتەرێكی سەرەكی بووە بۆ ئاشتی نەك تەنها لە عێراق، بەڵكو لە ناوچەكەشدا".
جان ئیڤ لودریان، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، ئەمە جاری سێیەمە سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات، پێشتریش رێكەوتی 15-1-2019 سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد، هاوكات لە مانگی تشرینی یەكەمی 2019 جارێكی دیكە سەردانی هەرێمی كوردستانی كردەوە.
نەشوان بەرزنجی




