١١ ناوچەی پیشەسازی لە ھەرێمی کوردستان دروست دەکرێت
__2020_07_15_h18m33s4__HK.jpg)
ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان گوتی، بڕیار دراوە کە ١١ ناوچەی نوێی پیشەسازی لە ھەرێمی کوردستان دروست بکرێت و، وەک یەکەم ناوچەش، حەفتەی داھاتوو لە سنووری دھۆک دەست بە دروستکردنی ناوچەی پیشەسازی دەکرێت.
د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بڕیارە لە ھەرێمی کوردستان، لە دھۆک و ھەولێر و سلێمانی وھەڵەبجە و گەرمیان و ئیدارەی ڕاپەرین ١١ ناوچەی نوێی پیشەسازی دروست بکرێت، ئەمەش لەپێناو گرنگیدانە بە کەرتی پیشەسازی لە ھەرێمی کوردستان و زیادکردنی سەرچاوەکانی داھات."
د. محەمەد شوکری گوتیشی: "یەکەم ناوچە حەفتەی داھاتوو لە پارێزگای دھۆک دەست بە دروستکردنی دەکرێت و دوای ئەو لە ناوچەکانی دیکەش ناوچەی پیشەسازی دروست دەکرێت."
شوکری باسی لەوەش کرد: "ئەو ١١ ناوچە پیشەسازییەی ھەرێمی کوردستان لەلایەن کەرتی تایبەتەوە دروست دەکرێن و حکوومەت بودجەیان بۆ تەرخان ناکات."
سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان ڕایشیگەیاند:"پێنج لەو ناوچە پیشەسازییانە تایبەت دەبن بە خۆراک و شەش ناوچەکانی دیکەش جۆراوجۆر دەبن و لە بواری جیاجیا دروست دەکرێن، ئەمەش گرنگیی زۆری بۆ ھەرێمی کوردستان دەبێت، چونکە لەو ناوچانە کارگە و شوێنی ھەڵگرتنی خۆراک دروست دەکرێن."
بڵند ئیبراھیم




