٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"لە ھەولێر ھەڵمەتی لابردنی زێدەڕۆییی سەر ئاو بەڕێوە دەچێت"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -‌PDK.info-  ھەلمەتی لابردنی زێدەڕۆییی سەر تۆڕەکانی ئاو لە شاری ھەولێر دەستی پێ کردووە و بەڕێوەبەری ئاوی ھەولێریش دەڵێ، ھەڵمەتەکە ھاوشێوەی بڕینی کارەبای زێدەڕۆیە و، ئاویش دەگرێتەوە.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەرھەمھێنانی ئاوی خواردنەوە لە ڕووی مادییەوە زۆر لەسەر حکوومەت دەکەوێت و مانگانە پارەیەکی زۆر بۆ پاڵاوتن و دابەشکردنی ئاوی خاوێن خەرج دەکرێت، بەڵام نایشارینەوە بەشێکی ئەو ئاوەی بەرھەم دێت بەفیڕۆ دەچێت و لەلایەن ھاووڵاتیانەوە زێدەڕۆییەکی زۆر دەکرێتە سەر ئاو.''

بەڕێوەبەری ئاوی ھەولێر دەڵێت: "ماوەیەکە کێشەی کەمئاوی لە ھەندێ ناوچەی شاری ھەولێر سەری ھەڵداوە و بۆ ئەوەی ئاو بگاتە ھەموو ماڵێک و بە یەکسانی دابەش بکرێت لەلایەن پارێزگاری ھەولێرەوە بڕیار دراوە ھەڵمەتی لابردنی زێدەڕۆی سەر تۆڕەکانی ئاو بەڕێوە بچێت."

ئاری ئەحمەد جەختی کردەوە: "ھەڵمەتەکە لەلایەن فەرمانگە پەیوەندیدارەکانەوە بەڕێوە دەچێت و ھەر ماڵێک ئاوی زیادیی ھەبێت، یان باخچە و سەوزایی بە ئاوی خاوێن بەخێو بکرێن، ئەوە زێدەڕۆکان لادەبرێن، ئەوەش وا دەکات ئاوێکی زۆر بگەڕێتەوە بۆ خەزانەکان و کاریگەریی لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی دەبێت."

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار