حکوومەت دەست بە خەرجکردنەوەی بودجەی وەبەرھێنان بۆ پڕۆژەکان دەکاتەوە

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی یەکێتیی بەڵێندەرانی ھەولێر دەڵێ، دوای ئەوەی لە چەند مانگی ڕابردوو بەھۆی قەیرانی دارایی، حکوومەت بودجەی وەبەرھێنانی ڕاگرت، بڕیارە دەست بە خەرجکردنی بودجە بکاتەوە و پڕۆژە تەواونەکراوەکان، تەواو بکرێت و، کۆمەڵێ پڕۆژەی نوێش دەست پێبکەن.
بەشار عەلی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتی: "دوای قەیرانی دارایی و بڕینی بودجەی ھەرێم لەلایەن بەغداوە، راگرتنی پڕۆژەکان لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو، حکوومەت بڕیاری دا دەست بە خەرجکردنی بودجەی وەبەرھێنان بکاتەوە و، جارێکی دیکە پارە بۆ وەبەرھێنەران و پڕۆژەکانیان خەرج بکاتەوە".
بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی یەکێتی بەڵێندەرانی ھەولێر گوتیشی: "کۆمەڵێ پڕۆژەی تەواونەکراو ھەن، کە ٣٥ پڕۆژەن، تەواو دەکرێن و، کۆمەڵێ پڕۆژەی دیکەش لەلایەن وەزارەتەکانەوە پێشکەش کراون، ئەوانیش دەست بە درووست کردنیان دەکرێت".
گوتیشی: "حکوومەتیش ھەستی بەوە کردووە، کە کاتی ئەوە ھاتووە پێویستە دەست بە ئەنجامدانی پڕۆژەکان بکرێتەوە".
بڵند ئیبراھیم




