ئەمڕۆ سەرۆکی حکوومەت وێستگەی کارەبای خەبات بە گەڕدەخات

خەبات-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی حكوومەت، وێستگەی هەڵمی خەبات بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا دەكەوێتە كار و بڕی 300 مێگاوات كارەبا بۆ كارەبای نیشتیمانی زیاد دەكات.
ومێد ئەحمەد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ سێشەممە، بە ئامادەبوونی (مەسروور بارزانی) سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆكی حكوومەت، وێستگەی هەڵمی خەبات بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا بە فەرمی دەكەوێتە كار و رێوڕەسمی وەگەڕخستنی بەڕێوە دەچێت".
گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا ڕاشیگەیاند: "وێستگەی هەڵمی خەبات، یەكێكە لە وێستگە ستراتیژییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و، لە ماوەی ڕابردوودا بە هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا كارەكانی ڕاوەستابوو، بەڵام لە پرۆسەیەكی تایبەت و كەموێنەدا تیمی كۆرییەكان كە سەرپەرشتیی ئەو وێستگەیەیان دەكرد، هێنرانە هەرێمی كوردستان و توانییان كارەكانی وێستگەكە تەواو بكەن و، ئەمڕۆش تەواوی وێستگەكە دەكەوێتە كار".
ناوبراو دەشڵێ: "بە وەگەڕخستنی وێستگەی هەڵمی خەبات، بڕی 300 مێگاوات كارەبا بۆ كارەبای نیشتیمانی زیاد دەبێت".

پڕۆژەی وێستگەی هەڵمی خەبات بۆ بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا، پڕۆژەیەكی گەورە و ستراتیژیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە و، بۆ یەكەمین جارە لەسەر ئاستی عێراق وێستگەیەكی هەڵمی دەكەوێتە كار، كە لە رێگەی نەوتی رەش و گەرمكردنی ئاوەوە وزەی كارەبا بەرهەم دەهێندرێت.
نەشوان بەرزنجی




