وەزارەتی شارەوانی ١٠% خەرجییەکانی کەم دەکاتەوە

ھەولێر -KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، لە چوارچێوەی چاکسازی و پێداچوونەوە بە خەرجییەکانی وەزارەتی شارەوانی توانرا ١٠% خەرجییەکان کەم بکرێتەوە بەبێ ئەوەی کاریگەریی لەسەر خزمەتگوزارییەکان ھەبێت.
کوردۆ شابان، گوتەبێژی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "وەک وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی چاکسازی و پێداچوونەوە بە خەرجییەکانی وەزارەتی خۆمان لەم دۆخەی ئێستادا توانیومانە١٠%ی خەرجییەکانی وەزارەتەکەمان بە شێوەیەکی گشتی کەم بکەینەوە.''
کوردۆ شابان گوتیشی: "ئەو خەرجییانەی کەم کراونەتەوە لەناو دیوانی وەزارەت و بەرێوبەرایەتییەکان و کەمکردنەوەی ئەو خەرجییانەش ھیچ کاریگەریی لەسەر خزمەتگوزارییەکانی وەزارەت نییە کە پێشکەشی ھاووڵاتییانی خۆی دەکات، بەڵام بەپێویستمان زانی کە پێداچوونەوە بە خەرجییەکاندا بکەین و ئەم کەرنتینەیەمان بەدەرفەتمان زانی بۆ جێبەجێکردنی ئەو پرۆسەیە."
گوتیشی: "ھەر لەو کەرنتینەیەدا توانرا ئەو شوێنانەی شەقامەکانی ناو شاری ھەولێر کە تێک چووبوون نۆژەن بکرێنەوە."
بڵند ئیبراھیم




