٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەرپرسى پەیوەندییەکانى پارتى و بەرپرسى بەرەى تورکمانى تەئکیدیان لە هەماهەنگى و پەیوەندیى نێوانیان کردەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info-  ئەمڕۆ عەلى حسێن، بەرپرسى مەکتەبى پەیوەندییەکانى کوردستانى و عێراقیى پارتى دیموکراتى کوردستان، بە یاوەریى بەرپرسى دیسکى پارتە تورکمانییەکان و ئەندامانى مەکتەب، سەردانى بەرەى تورکمانیى عێراقییان لە شارى هەولێر کرد و لەلایەن ئایدن مەعرووف، ئەندامى مەکتەبى سیاسى و وەزیرى هەرێم بۆ کاروبارى پێکهاتەکان و هیمداد بیلال، سەرۆکى فراکسیۆنى بەرەى تورکمانى و بەرپرسى هەولێرى بەرەکە پێشوازیی لی کرا.

لە دیدارەکەدا ڕەوشى ناوچەکە و پرسە سیاسییەکانى ئەمڕۆى هەرێمى کوردستان و عێراق و بارودۆخى ئابوورى و تەندروستى تیشکیان خرایە سەر و، هاوکات پەیوەندییەکانى نێوان پارتى دیموکراتى کوردستان و بەرەى تورکمانى و پاراستنى یەکڕیزى و پتەوکردنى گیانى برایەتى و پێکەوەژیانى کورد و تورکمان و تەواوى پێکهاتەکان لەپێناو خزمەتکردن بە ئەزموونى دیموکراسى و خەڵکى کوردستان تەئکیدى لەسەر کرایەوە.

هەرلەو دیدارەدا تەئکید لە بەشداریى کاراى پێکهاتەکان لە حکوومەتى هەرێمی کوردستان کرایەوە کە هەمیشە بۆ هەرێمى کوردستان لەپێناو ئاشتى و برایەتى و ڕەنگدانەوەى بەرپرسیارەتى و دیموکراسى و پاراستنى بەرژەوەندییەکانى پێکهاتەکان و سەرکەوتنى ئەم پرۆسەیە جێگاى بایەخ بووە.

ئایدن مەعرووف خۆشحاڵیى خۆیان بەم هەنگاو و پێشڤەچوونانەى نێوان هەردوولا دەربڕى و پاڵپشتى و هەماهەنگیى خۆیانی بۆ سەرکەوتنى حکوومەتى کوردستان تا دواین هەنگاوەکانى ئەم کابینەیە لەپێناو زیاتر خزمەتکردن بە خەڵکى کوردستان و پاراستنى بەرژەوەندی و مافى هەموو پێکهاتەکان بەگشتى دووپات کردەوە.

هەر لەو دیدارەدا بەرپرسى پەیوەندییەکانى پارتى تەئکیدى کردەوە کە ستراتیژییەت و ئامانجى سەرۆک بارزانى و پارتی و حکوومەتى هەرێمیش خزمەت بووە بۆ پاراستنى ماف و بەرژەوەندیى تەواوى پێکهاتەکان لە هەرێمى کوردستان و عێراق و، ئەمەش بە کردەوە بۆ هەموو پێکهاتەکان و تایبەت بۆ برا تورکمانەکان هەنگاوى جددیى بۆ نراوە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار