"کێشەی کەمئاوی لە پارێزگای ھەولێر چارەسەر دەکرێت"

هەولێر -PDK.info- ماوەی چەند ڕۆژێکە کەمئاوی بەشێک لە گەڕەک و ناوچەکانی پارێزگای ھەولێری گرتووەتەوە و پارێزگاری ھەولێر و فەرمانگەکانی ئاویش بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی بە ھاووڵاتییان دەدەن و بڕیارە ھەڵمەتی نەھێشتنی زێدەڕۆییی سەر تۆڕەکانی ئاو بەڕێوە بچێت.
ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری ھەولێر ڕایگەیاند: "کێشەی کەمئاوی لە ھەولێر و دەوروبەری چارەسەر دەکەین و ١٥٠ ملیۆن دیناریش بۆ فەرمانگەکانی ئاو خەرج دەکرێت، ھەروەھا داوا لە ھاووڵاتییان دەکەین وەک سامانێکی نیشتمانی دەست بە ئاوەوە بگرن."
پارێزگاری ھەولێر ھۆشداریی دایە ئەو کەسانەی زێدەڕۆیی دەکەنە سەر تۆڕەکانی ئاو و ڕوونی کردەوە: "لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەکان دەست بە ھەڵمەتی نەھێشتنی زێدەڕۆییی سەر تۆڕەکانی ئاو دەکەین و داواش دەکەین لەوانەی زێدەڕۆیییان کردووە، زێدەڕۆییەکانیان لا ببەن و پێویستە ھاووڵاتییان تەوافە لەسەر تانکیی ماڵەکانیان دابنێن."
ئەندازیار ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی ھەولێریش بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە ژمارەیەک گەڕەکی نێو سەنتەری شاری ھەولێر کێشەی کەمئاوی پەیدا بووە، وەک ھەریەک لە گەڕەکەکانی نالی و ٣٢ پارک و سیمی خاتووناوە و کۆمەڵگەکانی دەوروبەری شار، بەڵام ھەوڵەکانمان بەردەوامن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی."
ئەندازیار ئاری ئەحمەد دەڵێت: "نزیکەی ١٥ بیر لێ دەدرێت، بەشێکیان لەنێو شار و بەشێکی دیکەیان دەکەونە قەزا و ناحیەکانی دەوربەری ھەولێر لە بنەسڵاوە و پیرزین و شوێنەکانی دیکە، بەمەش دەتوانین کێشەکە چارەسەر بکەین."
قائید میرۆ




