ئەمڕۆ بڕیار لەبارەی قەدەغەی ھاتوچۆوە دەدرێت

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشیی كۆرۆنا لە ھەولێر كۆدەبێتەوە و تێیدا بڕیار لەبارەی قەدەغەی ھاتوچۆ دەدرێت، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێریش دەڵێ، چەند پێشنیازێك بۆ ئەو مەبەستە خراونەتە ڕوو.
سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر، عەلی رەشید، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بڕیارە ئەمڕۆ ئێوارە لەبارەی كۆتاییھاتنی قەدەغەی ھاتوچۆ كۆببینەوە و چەند پێشنیازێك ھەنە بۆ ئەوەی بە چ شێوەیەك خۆمان و خەڵكی خۆمان بپارێزین، یەكێك لەوانەش ئەوەیە، بازاڕەكان لە سەعات پێنجی بەیانی تا ھەشتی شەو كراوە بن و دواتر تا بەیانی دابخرێن، هەروەها فەرمانگە حكوومییەكانیش ئەوانەی خزمەتگوزارین، تەنھا ٣٠% دەوام بكەن و ئەوانەی دیكە تەنھا ٥% دەوامیان پێ بكرێت و ٩٥%ی دەوام نەكەن، چونكە لە چەند فەرمانگەیەك ئەو نەخۆشییە بڵاو بووەتەوە، جگە لەوەش پێشنیاز كراوە بەستنی ماسك ببێتە ئیلزامی و ھەموو كەسێك ماسك ببەستێت".
سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر گوتیشی، راگەیاندنی قەدەغەی ھاتوچۆ، گرنگیی زۆری ھەیە و لە ئێستادا ئەنجامەكەی دەرناكەوێت، بەڵكو لە چەند رۆژی داھاتوو ئەنجامەكەی دیار دەبێت، چونكە ئەو حاڵەتانەی ئێستا رادەگەیندرێن، ھی كۆنن و لە چەند رۆژی داھاتووشدا كاریگەریی قەدەغەی ئێستای هاتوچۆ دیار دەبێت.
ناوبراو روونیشی كردەوە، گرنگترین كار بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشیی كۆرۆنا ئەوەیە، كە تاكپارێزی بكرێت، چونكە ئەگەر خەڵك خۆی بپارێزێت، ئەو نەخۆشیەش كەمتر دەبێت، بۆیە پێویستە ھاووڵاتیان خۆیان بپارێزن.
بڵند ئیبراھیم




