قەھوەچی بۆ KDP: پەرلەمانی كوردستان لەسەر چەند پرسێكی گرنگ كۆدەبێتەوە

ھەولێر-KDP.info- سكرتێری پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، دوای ھەڵوەشاندنەوەی پشووی پەرلەمانی كوردستان، لەم ھەفتەیەدا لەسەر چەند پرسێكی گرنگ دەست بە كۆبوونەوەكان دەكرێتەوە، كە تێیاندا گفتوگۆی نێوان ھەرێم و بەغدا، قەرزی حكوومەت، بانگھێشتكردنی وەزیرەكان، دۆخی ناوچە كوردستانییەكان و رەوشی تەندروستی، دەخرێنە بەرباسەوە.
مونا قەھوەچی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دوای ئەوەی ھەفتەی ڕابردوو پشووی پەرلەمانی كوردستان ھەڵوەشایەوە، لەم ھەفتەیەدا دەست بە كار و كۆبوونەوەكانی دەكرێتەوە و قەدەغەی ھاتوچۆش كاریگەری لەسەر كۆبوونەوەكانی پەرلەمان نابێت و بەردەوام دەبن".
سكرتێری پەرلەمانی كوردستان گوتیشی: "چەندین پرسی گرنگ ھەن لە كۆبوونەوەكانی پەرلەمان گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت و ئەولەویەتی كاری پەرلەمان دەبن، ئەوانیش بریتین لە كێشەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا و قەرزی حكوومەت، بانگھێشتكردنی سێ وەزیر، كە یەكێكیان وەزیری تەندروستییە و لەبارەی دۆخی كۆرۆناوە بانگهێشت دەكرێت و هەروەها بانگھێشتكردنی ھەردوو وەزیری ناوخۆ و پێشمەرگەش لەبارەی دۆخی ناوچە كوردستانییەكان لە بەرنامەدایە".
دەشڵێ، پەرلەمانتاران چەندین پڕۆژەیان ئامادە كردووە، بۆیە ئەمانە ھەمووی پرسی گرنگن و پەرلەمان دەیانخاتە بەرنامەی كار و گفتوگۆیان لەسەر دەكات.
بڵند ئیبراھیم




